سپی بوون
لێم بووە بەخوو، زوو زوو سەیری سەعاتەکەی سەر دیوارەکە دەکەم
ڕەنگێکی خۆڵەمێشی هەیە، میلەکانیشی ڕەشڕەش
من هەڵم نەواسیوە، چونکە گرنگ نیە چ وەختە
سەر لە ئێوارەیه یان بەرەبەیان
ڕۆژانە دەتوانم هەر نیو سەعاتیک پیاسە
بکەم بەڵام ئەو بەردەوام دەگەڕێ
ئاخر ئەو نە پشتی دێشێ و نە جمگەی ئەژنۆکانی سواون
نە عەرەق دەکاتەوەو
نە هەناسە سوار دەبێ
وەک من ڕۆژانە
چەند حەبێک قوت نادات
نە سەرمای دەبێ نە گەرما
جگە لە زیان هیچ سوودێکم لەو سەعاتە نەدیوە
لەگەڵ هەموو چرکەیەکیدا،
تاڵێک لە تووکە بەرم سپی دەبێت.!!
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]