دایکم
1
مانگ٫
لەناو حەوزی ئاوەکەدا پرچی شانە دەکرد،
کە دایکم بۆ نوێژی عیشا،
. دەستنوێژی هەڵگرت
وەختێ هاتە سەر بەرماڵ و نوێژی دابەست
هەردوو باسکی تژی بوبون لە خرمە خرمی؛
بازنی زیو
2
سپیدە ،
لەبن دارهەناری حەوشەکەماندا، کانییەک تەقی
زانیم ئازیزێکە و بیری کردووین و
بەسەردان هاتۆتەوە لامان
کە نزیک بوومەوە لێی، دڵنیابووم دایکمە
ئاخر لەڕۆخی کانیەکەدا؛
چارۆکەو
سۆل و
تەسبیحەکەی لێبەجێمابوو
3
هەموومان لەباوەشی ئەودا دەنوستین
من و
خوشک و
براکان و
نەوەکانمان و
باوکیشم
نازانم چۆن لەو ئامێزە بچکۆلەیە، جێمان دەبۆوە
ئاخر کە دایکم مابوو، شەو جێگەمان ڕانەدەخست!
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]