هۆنراوە: چڵەکەم
هۆزانەوان: خەزعەل ئەلماجدی
لەعەرەبیەوە: #قوبادی جەلیزادە#
گوێ لە زەمانە دەگرم،
هەڵدێرێک لە بن پێمدایە
چڵێکی کۆنیشم لەگەڵ خۆما هەڵگرتووە
ییخەم پێ لە مەڕەکانم دەکرد
مارم تێدەئاڵاند، تا تریاکم بۆ دروست کات
وەک داری مایسترۆ بەرزم دەکردەوە،
تا سروشت سرودی خۆیم بۆ بژەنێ
فووم تێ دەکرد وەک شمشاڵ
سەری ماڵەکەمم پێ بڵند دەکرد
لە کۆتر دەگەڕام، لانەی خۆی لەسەریا چێ بکات
وەک نیشانە لەسەر کتێبەکانم دادەنا
مێوەکانم دەخستە سەری
بەڵام ئەمڕۆ،
هەر لەگەڵم دایە، لێ خۆم داوە بەسەریا
ڕێگایەکی کوێری پێ دەکوتم
ئەو ڕۆژانەمی پێ دەپێوم کە ماون
هاواری خەمەکانمی دەخەمە کۆڵ
توتن و پشکۆکانمی پێ هەڵدەدەمەوە
وێنە کۆنەکانمی لێ قایم دەکەم
لەسەر لمدا، وێنەی تەنیاییمی پێ دەکێشم
چەند هەوڵمدا بیشکێنم، کەچی نەشکا
چەند هەوڵمدا بیڕوێنم، کەچی بەری نەگرت
چەند هەوڵمدا فرێی بدەم، کەچی، گەڕایەوە لام
ئەو چڵە ئێسکی ڕوحمە! [1]