شەو
1
لێرە شەو،
درەنگ دەکوژێتەوە..
تا هەموو دڵدارەکان لە ژوان نەگەڕێنەوە؛
ئاوا نابێت.
2
شەو،
لێرە درەنگ فوو لە چرا دەکا..
تا پێشمەرگەکان- دوای چالاکی-
لەشار دەرنەچن و
نەگەنەوە شاخ؛
شەو،
ئێرە چۆڵ ناکات.
3
لەژێر باڵی تاریکیدا،
بریندارەکانمان دەکەینە کۆڵ
تا نەچینە ناو ئەشکەوتەوە؛
شەو،
دەستمان لێ بەرنادات.
4
ئێستا لەهەموو شوێنێ کازیوە هەڵاتوە
کەچی لێرە شەو،
پێیەکانی چەقاندووە.
تا کۆڵبەرەکان بەباری تریفەو
شەرابەوە
ئاودیو نەبن،
جێمان ناهێڵێت.
5
شەو،
لێرە تادێ تۆختر دەبێ..
تا بەند کراوەکان،
لە کون کردنی
دیواری زیندانەکان، تەواو نەبن،
شەو کراسە ڕەشەکەی داناکەنێت.
6
لێرە شەو،
پرچی درێژ درێژە
کراسێکی درێژ درێژی لەبەردایە
کۆڵوانەیەکی ڕەش ڕەشی بەسەر شانەوەیە.
شەو؛
دۆستی هەرە نزیکی کوردە.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]