هێلکەکانت لێرە بکە
1
لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەم هەڵمەفڕە..
ئاسمان بووە بە کێڵگەی مین.
2
دارتێلێک،
لقی دارێک نەماوە،
تاوێ لەسەریدا، هەڵنیشیت
سەیرکە، ئاسمان فڕندەیەکی پێوە نیە!
4
لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەم هەڵمەفڕە
ئارامترین شوێنە
هێشتا ئاگر دەستی نەگەشتۆتە ئێرە.
5
هەڵمەفڕە..
تۆش کوردی..
تۆش وەک من نەفرەت لێکراوی
قەناسێک وا بە شوێنتەوە
هەڵمەفڕە،
پارچەیەک خوێن و خۆڵەمێشە- نیشتمان
6
کۆترە باریکەکە هەڵمەفڕە..
هێلکەکانت لەسەر ڕۆخی پەنجەرەکەم بکە.
لەناو لەپی شاعیرێکی سەر سپی.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]