ڕۆژی دیدەنی خودا
هەتاو لە گوندەکەمانا تێپەڕی، هەموو شوێنێک سێبەرە،
جگە لە گۆڕستانەکە.
دیارە مرووەکان پتر پێویستیان
بە ڕووناکی و گەرمییە!
چەند گۆڕێک هی کەس و کاری منن
یەکیان هی دایکمە٫.
تکا لەهەتاو دەکەم، پشکی شێری پێ ببەخشێ.
ئاخر دەترسم کە تاریک دابێ،
دایکم،
تەسبیحەکەی لێ بزر بێت.
دایکم ژنێکی شەرمنە..
ڕەنگە گەر زۆریشی برسی بێت
داوای لەتێ نان
لە دراوسێکانی نەکات.
لێرە،
هەمیشە دەستی بەرز دەکردەوە بۆ ئاسمان
دڵنیام لە گۆڕیشا ئاسمانی لێ دیارە
دەشێ لەوێ بە خۆڵ دەستنوێژ هەڵگرێت.
دڵنیام لەوێش سەری بچێ نوێژی ناچێ.
ڕۆژێک هەیە، تیایا فریشتەکان، جلی سپی دەکەنە بەر دایکم و لەگەڵ خۆیانا دەیبەن.
ناویان لەو ڕۆژە ناوە؛
ڕۆژی دیدەنی خودا.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]