قوباد عاقڵ بە
لەبن سێبەری دارتوێک دانیشتووم
جار جار دەنکە توێکی گەییو دەکەوێتە خوارێ
گوێم لە جریوە جریوی چۆلەکەیە
ئێستا ،
نزیک ترین کەس لەمنەوە خودایە
دەنگی هەناسە وەرگرتن و هەناسە دانەوەی دەبیستم
گوێم لێیەتی ،کە ئیش بەسەر فریشتەکانا دابەش دەکات.
بڕیار دەدا؛
بوومەلەرزەیەک لە ژاپۆن و
گڕکانێک لە ئەکۆنکاگوا
ڕێژنەیەک باران لە کێڵگە تینووەکانی سۆماڵ.
دەست بە پرچە سپیەکەم دادێنێ.
لەسەرە خۆ، بەبێ ئەوەی لێم تووڕە بێ، ئامۆژگاریم دەکات.
بەر لە چەند دەقەیێ پێی گوتم
قوباد عاقڵ بە!
وتم تکایە،
لە پارچە کاغەزێ هەڵەو گوناهەکانم بۆ بنوسەوە،
تا دووبارەیان نەکەمەوە.
ئێستا چاوەڕێیم..
دەزانم یەکێ لە گوناهەکانم ئەوەیە؛
ژنێکم خۆش دەوێ ژنی پیاوێکی ترە..!
قل قل توو دەکەوێتە خوارەوە.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]