گوتت ئیتر مەخۆرەوە..
شەو درەنگان، کە بەمەستی دەگەڕامەوە،
فریای هەڵواسینی تابلۆکانی خەیاڵ نەدەکەوتم،
بە دیواری ژوورەکەمەوە
چۆڕ چۆڕ لێم دەڕژانە ناو ئینجانەکانەوە.
ئەودەمە،
هەموو مێروولەکان هاورێم بوون
هەموو ژنەکان
هەموو سیسرکەکان
هەموو بۆقەکان
هەموو پۆلیسەکانی هاتووچۆ.
کە پێم لە بەردێک بنایە،
بۆ خرمە خرمی پەراسوەکانی دڵگران دەبووم
بە برینداری هەڵم دەگرتەوە و
لە پەنا دیوارێکی ئارامدا، پاڵم دەخست.
بە درەخت و
مانگ و
تەنەکەی خۆڵم دەگوت؛
شەوباش برای من.
کە گوێم لە گریانی منداڵێک دەبوو،
تا ژیر دەکرایەوە،
لە بەر دەرگەی ئەو ماڵە دەچەقیم.
ئەوەندە تەماشای هێشوە ترێم دەکرد،
کە بە کەپری مێوەکان شۆڕ ببوونەوە؛
تا دەبوون بە مەمک.
قژم شانە دەکردوو
هێقەی کراسەکەم ڕێک دەکردەوە و
دەچوومە تەنیشت ژاڵەیەکی سەر شۆستە.
مانگ، لەسەری کۆڵانەکەوە، وێنەیەکی دەگرتم و
پەلە پەل، هەڵدەفرییەوە ئاسمان.
جار جار،
دەستم دەکردە ملی دینگەیەکی خەمگین و
تەنیاییم لێ دەتەکاند.
لەبەردەم پرۆجێکتەرەکاندا، توند توند،
دەستم بە سێبەرەکەی خۆمەوە دەگرت
نەوەک لە کۆڵانە تاریکەکاندا، گومی کەم.
کە ڕوومەتی جادەکانم دەبینی،
لەبەر ڕۆشنایی گلۆپەکاندا، دەبریقانەوە،
لێم دەبوون بە ڕووباری تریفە و
تا سەر ئەژنۆ، خۆم هەڵدەکرد.
لە کۆڵانێکدا، شاتوو دەباری و
لەوی دیکەدا، گێلاس.
گیرفانم پڕ دەکرد، لە باق و بریقی کتکە چاو زەردەکان
کە دەگەشتمە دووڕیانی تاریکی
دلۆپ
دلۆپ
هەڵم دەڕشتن.
دوو شیش گۆشتی سەفەریم، بۆ سەگەکانی گەڕەک و
کەمێک ماستی هەولێر بۆ پشیلە و
مشتێک گەنمم بۆ چۆلەکە،
دەهێنایەوە.
گوتت ئیتر مەخۆرەوە..
ئاخر یار،
پێکی مەیخانە بۆ من،
شیرین ترین ژەهر بوو!
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]