نوقتە سەری دێڕ.
بەو زمانە هاوبەشە دەنوسم، کە زمانی ئاژەڵ و باڵندەو ڕوەک و مرۆڤە
1
ژنەکە چوو، تا جلە تەڕەکانی بە تەنافەکەوە هەڵبخات.
کەچی پێشی ئەو ئاسمان،
ئەستێرە تەڕەکانی، پیایا هەڵخستبوو.
2
کە باران دایکرد، فریا نەکەوتم چەتر،
بۆ ئەو هەموو چۆلەکەیە بکڕم،
چەترەکەی خۆمدا بە پەپولەیەکی تەڕ.
3
کوارگێک،
شەپقەکەی خۆی خستە سەر سەری گوڵێک؛
تا تەرزە نەیکوتێ.
4
من دوو مناڵەکەی هەورم خۆشدەوێ
یەکیان،
تەنک تەنکە پێستی
ئەوەی دیش، سپی سپی.
مەبەستم؛
باران و
بەفرە.
7
دوکانێک دەکەمەوە
بۆ فرۆشتنی گۆچان،
سمبۆرەکانی ئێمە زوو پیر دەبن.
8
ئەم ڕەزە هەمیشە مەستە؛
لە گۆزە شەرابێکی گەرۆک دەچێت.
9
قاپێک خوێنم دا بە زەردەپەڕ
کە لەترسی ئاوابوون،
ڕەنگی پەڕی بوو.
10
قەمسەڵەیەکم لەکۆنە کڕی..
هەرکە کردمە بەرم،
زانیم کە هی کەروێشکێکی کێوی بووە.
12
شارەوانی ئامەد،
چۆلەکەکەی لەسەر لقی درەختەکە دابەزاند و
خستیە قەفەسەوە.
-تۆ بۆت نیە بە کوردی گۆرانی بڵێی.!
13
دەقەکە کۆتایی هات..
نوقتە سەری دێڕ!!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]