بەردی پیرۆز
1
ئەو بەردانەی؛
دەکرێن بە تاتەشۆرو لاشەی خوێناوی شەهیدێکی، لەسەردا دەشۆن و فرمێسکی بەسەرا دەڕێژین.
2
ئەو بەردە باڵا بڵندانەی،
دەبن بەکێلی گۆڕی ئازیزان و چوارشەموان باوەشیان پێدا دەکەین و هەناسەی سارد هەڵدەکێشین.
3
ئەو گابەردانەی،
بەتەنیشتەوەی توولەڕێی شاخەکانەوەن ، کەکۆڵکێشان ماندودوو دەبن، دادەنیشین و پاڵیان پێ دەدەن.
4
ئەوبەردە لووس و لێکانەی،
دەکرێن بە ژووری نوستنی کچە عازەب و حەمامی ژنان.
5
ئەو بەردە وردیلانەی،
کەنیوە شەو بەمینای پەنجەرەی ژووری یاری دادەدەین ،تا لەخەو هەڵستێ و تاکێک پەنجەرەمان بۆ بکاتەوە و بەچپە یەکتری بدوێنین.
6
ئەوبەردە کەریمانەی،
کە دەبن بەیاقووتی شین و سوور ،کیژە گەردن زەردەکان، دەیانکەن بە گەردانە و ژنانی پەنجە ناسکیش بە؛ ئەنگوستیلە.
7
ئەو بەردە نەرمانەی،
بەناچاری دەکرێن بە بالیف ، بۆ سەری پڕ لەکەسەری ،مرۆڤە هەژارو ئاوارەو لانەوازەکانی نیشتمانی بێ نیشتمان.
8
ئەو بەردە دەنووک تیژانەش،
کە مێرمنداڵان دەیگرنە کەللەسەری داگیر کەروو خەڵتانی خوێن دەبن.
9
ئەمانە ئەو بەردە سپییانەن کە من؛
خۆشمدەوێن!!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]