بەهەشت
1
نوێژ ناکەم ،بەڵام شەممە؛
پێش مەلابانگدان، لاقی شکاوی سەگێکم گرتەوە.
2
بەرۆژوو نابم، بەڵام یەکشەم؛
دەستەیەک قەڵەمی ڕەنگم ، بۆ شەوبایەکی نیگارکێشی دەربەدەر،
کڕی
3
ناچم بۆ حەج، بەڵام دووشەم؛
تەورم لەدەست ئەو دارکەرە سەندەوە، کە خەریکی بڕینەوەی قەدی، داربەڕوێکی خەواڵوو بوو.
4
زەکات نادەم، بەڵام سێشەم؛
لکێکی گەنجی خۆم، بە درەختێکی خەڵوەتگەی پیریی بەخشی.
5
ناچمە جیهاد، بەڵام چوارشەم ؛
قەفەسەم لەدەستی ڕاوکەرەکە وردوو خاش کرد، کە بەتەمای ڕاوەکەو بوو.
6
پارەم بۆ مزگەوت کۆنەکردۆتەوە، بەڵام پێنجشەم؛
ڕانە مریشکێکی سوورەوە کراوم، خستە بەردەمی پشیلەیەکی برسی.
7
دەستم بەرز نەکردۆتەوە بۆ نزا، بەڵام هەینی ؛
باڵتۆکەم داکەندوو کردمە بەری، ڕیشۆڵەیەک کە لەبن پلووسکی ڕەهێڵەدا، هەڵدەلەرزی.
8
بۆخۆم،
چەند ڕێگەیەکی دیکەم دۆزیوەتەوە، بۆ چوونە بەهەشت!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە#. [1]