خۆپەرست
هەیە؛
بەر گولەی وێڵ دەکەوێ و دەمرێت
هەیە؛
ماشێنێ دەیشێلێ و بەر لەوەی بگاتە خەستەخانە، سارد دەبێتەوە
هەیە؛
تووشی تاعوون دەبێ
هەیە؛
لە قوڵایی ئاسمان و لەناو فڕۆکەیەکا دەسووتێ
هەیە؛
لە کێوێکی دژوارا هەڵدەدێرێ و هەلا هەلا دەبێ
هەیە؛
لافاو ڕایدەماڵێ یا لەناو بەلەمێکاو لە ناوەڕاستی دەریادا، دەخنکێ
هەیە؛
بەهۆی بوردمانی فڕۆکەیەک، لەبن شیش و بلۆکی، باڵەخانەیەکا، دەفلیقێتەوە
هەیە؛
مارێکی ژەهراوی پێوەی دەدات
هەیە؛
توشی ڕەوە گورگێ دەبێ و لەت و پەتی دەکەن
هەیە؛
لەسەر پشتی ئەسپێ دەگلێ و بەردەبێتەوە قوڵایی خەرەندێ.
کێشە نیە چۆن دەمرن با بمرن
گرنگ تۆ نەمریت، تۆ.
تۆو
دوو کۆترە باریکەکەی لێواری پەنجەرەکە.
سەیرە،
ئەم بەیانییە چەند ئەنانی و خۆپەرستم.!!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە#. [1]