گوڵەگەنم
1
دایکم ؛
پەنجەی دەکرد بە دەرزی و
تیشکی دەکرد بەخەیاتەو
جلی بۆ فریشتەکان دەدووری
-بەرگدروو بوو دایکم
2
کە دایکم ،
نزای دەکردوو فووی بە ئاسمانا دەکرد
یەک یەک دەردوو بەڵاکانم دەدیت ،
لەماڵەکەمانا دوور دەکەوتنەوە
3
دایکم ؛
ڕەشتاڵەبوو،لێ کەنوێژی دادەبەست،
نوورێکی سپی،
لەڕوخساریدا هەڵدەقوڵی و بەرماڵەکەی تەڕ دەکرد
4
تووشی ئەلزهایمەر ببوو -دایکم
بیری دەچوو ئەلحەمد بخوێنێ
خودا فریشتەیەکی بۆ دەنارد تا پێی بڵێتەوە
5
دایکم؛
وەسیەتی کرد کە مرد
بەیەکسانی میراتەکەی بەسەر کوڕو کچیدا، دابەش بکەن
کە تەسبیحێک و بەرماڵێک ومیخەکبەندێ بوو
6
دایکم گۆلمی پڕ کرد لە ئاوی باران
قومێکی بۆخۆی خواردەوە
ئەوەیدی ڕژاندە جامولکەی کۆترەکان.
7
هێندێ شەو هەڵدەفڕییە ئاسمان - دایکم
کە دەهاتەوە دەستەکانی پڕ بوون لە ئەستێرە
بۆ کچەکانی گەڕەک دەیکردن بە؛
گوارە
8
شەوێک چەند سەعاتێ بزر بوو -دایکم
کە گەڕایەوە زۆر شەکەت بوو
گوتی ویستم مانگ داگرم وبۆ ژوورەکەم بیکەم بە ئاوێنە،
لێ گەلێک قورس بوو ، بۆم دانەگیرا
9
کراسەکەی لەبەفر داتەکاند- دایکم
پژمین،
گوڵەکانی ناو مەرکانەکە
10
بەهاران دەبێ بەڕێژنەیەک باران - دایکم
هەردڵۆپێک،
گوڵەگەنمێکی بەدەستەوەیە
11
هەمیشە پۆلێک چۆلەکە دوای کەوتوون
وا دەزانن گوڵەگەنمە؛ دایکم
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە#. [1]