حەزرەتی برایم
1
پێویست ناکات بپرسم ئەوەی یەکەم شەڕو دووهەم شەڕی هەڵکیرساند کێ بوو
دڵنیام؛
پیاو بوو.
2
پێی ناوێ پرسیار بکەم یەکەم بکوژ کێ بوو
ئەوەی خوێنی براکەی خۆی ڕشت
پیاو بوو، ناوی قابیل بوو.
3
نامەوێ سۆراغی ئەوە بکەم یەکەم کەس لەبەهەشت دەرکراو پێی خستە سەرزەوی و
نەگریسی کرد کێ بوو!
پیاو بوو،
.ناوی ئادەم بوو
4
یەکەم کەس کە ڕمب و تیروکەوانی دروست کرد؛
پیاو بوو.
ڕەنگە بن لادن بووبێت
5
دەسپێک پیاو بوو
کەوو
کۆترو
کەروێشکی ڕاو کرد
6
یەکەم کەس کە هاوسەرو منداڵە ساواکەی ، لەشەوێکی ئەنگوستە چاوداو لە بیابانێکی بێ تخوبدا ،
لەماڵ وەدەرنان کێ بوو؛
حەزرەتی برایم بوو نەک سارا!
7
ناپرسم چونکە دڵنیام ئەوەی شەڕی سێیەمیش بەرپا دەکا ژن نییە؛
پیاوە
ناوی نووسەر و ئامادەکردن: #قوبادی جەلیزادە#
سەرچاوە: کتێبی جێ سمی بارگیرەکان [1]