حەبل ئەلوەرید
کە دەنوسم وا دەزانم جگە لە من کەس بەسەر گۆی زەوییەوە نیە، بۆیە ئازادانە دەنوسم وهیچ بەربەستێک لەبەردەم نوسینەکانم نابینم، تا لێی بسڵەمێمەوە.
لەخۆم پرسی:
ئایا پێویستیم بە بەهەشت هەیە
لە وەراما گوتم نا:
1
باخێکم هەیە لە سیتەک
تژی،
لە ترێ و
هەنجیر و
میوەی ڕەنگاوڕەنگەکانی دی.
2
لە باخچەکەمدا لەگەڵ فریشتەیەکا دەژیم؛
کە هاوسەرە خوێن شیرینەکەمە.
3
لەهەر باڕێک دانیشم ،ئەوانەی مەی دەگێڕن؛
-غیلمانی چاو ڕەشن.
4
پێویستیم بە هەنگوینی ئەوێ نیە
خۆم هەنگ بەخێو دەکەم
بۆنی گوڵەکانی قەندیلی لێ دێ- هەنگوینەکەم
5
موحتاجی زێی شەراب نیم
تەنیا سەد مەترێک لێمەوە دوورە
مەیفرۆشەکە.
6
کەوچکی زێڕینم بۆ چییە،
بەدەست نان دەخۆم
لەزەت لە لیستنەوەی پەنجەکانم دەکەم.
7
نامەوێ لەسەر قەنەفە شان دادەم.
پێمخۆشە لە سەر لبادێک پاڵکەوم و
سەر بە بالیفێ بکەم لە پەڕی باڵندە.
8
بەهەشتم بۆ چییە
من تەنیا پێویستیم بە خودایە
خوداش ئەوەندە لێمەوە نێزیکە
نزیک تر لە؛ حەبل ئەلوەرید
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]