گۆڕەکەی دایکم
ئێوارەبوو ناشتمان..
سبحەینێ کە چوومەوە
کۆترێک لەسەر کێلەکەی ژوور سەری
هەڵنیشتبوو
کەلێی نزیک بوومەوە
هەمان ئەو کۆترە بوو
کە دایکم؛
هەموو سبەینەیەک، بانگی دەکردە بێراییەکەو
ورتکە نانی بۆ ڕۆ دەکرد
2
لەسەر کێلەکەی داوێنیدا،
مانگم بینی
هەمان ئەو مانگەی
لەشەوانی بەستەڵەک و زوقمدا
دایکم؛
پەنجەرەی لێدەکردەوەو
دەهاتە سەر ڕۆخی ئاگردان و
پەنجە سڕەکانی گەرم دەکردەوە
3
بنە زەیتوونێک
پارچەیەک سێبەرێکی تەنکی
بەسەر گۆڕەکەدا، پەخشکردبوو
هەمان ئەو زەیتوونەی حەوشەکەمان بوو
کە دایکم رۆژانە ئاوی دەداو
بنی لەگەڵای زەردو ڕژاوا
پاکدەکردەوە.
4
پۆلێک گوڵ،
بەدەوری گۆڕەکەی دایکمەوە
ببون بەتامانێکی ڕەنگاو ڕەنگ.
هەمان ئەو گوڵانە بوون
کەدایکم؛
لەناو چەند ئینجانەیەکدا چاندبوونی و
لەسەر پێچکە قاردمەکەدا
ڕیزی کردبوون و
کەلەشێرو مریشکی لێ دوور دەخستنەوە
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]