گۆڕان
بەدەسکارییەوە، لە شیعری شاعیری ئینگلیز: ئی. ویلکۆکس وەرگیراوە
گۆڕاوم، وێنەی جاران نەماوم،
بینایی چاوم
عەشقت لە دڵما دامردۆتەوە،
بێ تین و تاوم
دیسان هەر مەستی بادەی پێشینم،
گیانی شیرینم
چەپگەرد ناتوانێ لە دڵمی دەرکا
یادی دێرینم
بەڵام خولیاکەی پێشووم نەماوە،
هیوام بڕاوە
ژینم هەر وەکو درەختی بێ بەر
وشک و بێ ئاوە
چی بکەم داخەکەم ئەو خولیایەی زوو
لەسەرم دەرچوو
وێڵم بە دوویا نایدۆزمەوە،
ڕۆیی لێم ون بوو
گیانە پێم بڵێ بۆچ وا ئەڕوانی،
گۆیا نازانی
دڵیش ئەگۆڕێ، وەک خۆی نامێنێ
تاسەی جارانی
تۆ نەختێ سەرنج بدەرە دنیا،
هەرچی کەوا تیا
باڵدار و گوڵ و ئەستێرە و دەریا،
درەخت و چیا
ئەمرێ، ئەوەرێ، کز و وشک ئەبێ،
ئەگۆڕێ جیا جیا
نازار تۆش سەیری ئاوێنە بکەی
ئەوسا تێ ئەگەی
خۆشت ئەگۆڕێی، هەروا نامێنی
هەتاکو سبەی
منیش ئارەزووی ئەوسام نەماوە،
عەشقم گۆڕاوە
دڵم هەروەکو گوڵی بێ باران
سیس و ژاکاوە
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس. [1]