شینی قالەی ئایشەخان
وا کوژایەوە... وا کوژایەوە
ئەستێرەی هیوا وا کوژایەوە
دەروازەی خۆشی داخرایەوە
دەرگای شوومی شین وا کرایەوە
دڵی هەزاران بۆت تووایەوە
دڵەی هەژار بۆت بۆتە بریانی
حەشرە، هەرایە لە سولەیمانی
لە هەرلا ئەڕۆی دەنگی گریانە
شینە، شیوەنە، یا قوڕ پێوانە...
***
قالەگیان: لە دوای تۆ خۆشی نەما
هەرچی بتناسێ غەرقە لە خەما
هاوفەردان! توخوا با کۆڕێ بگرین
هەتا فرمێسکمان هەیە بۆی بگرین
کە فرمێسک نەما بەناڵینەوە
ئەم چەند فەردانە بخوێنینەوە
پەنای هەژار و کەساسانم ڕۆ!
داڵدەی هەتیو و بێ کەسانم ڕۆ!
دەسکە گوڵی ناو مەجلیسانم ڕۆ!
چرای ئاهەنگی ناو دۆستانم ڕۆ!
شێری مەیدانی ناو ژیانم ڕۆ!
هاوارە قالەی ئایشە خانم ڕۆ!
هاوارە قاڵەی نەوجەوانم ڕۆ!
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]