بەهار نامەوێ...
بەهار نامەوێ جوانیت ببینم
ئەمڕۆ من بەدڵ پەست و غەمگینم
دوورم لە خۆشی. خەریکی شینم
زار و بێزارم تاریکە ژینم
دوژمنی لالە و گوڵ و نەسرینم
بەهار نامەوێ جوانیت ببینم
***
بەهار بولبولت با هەر بخوێنێ
گوڵیش لە دەشتا با خۆی بنوێنێ
کانیت ئاوی ڕوون با هەڵقوڵێنێ
گژ و گیات هەوا با بیشەکێنێ
ئەمانە دڵی من نابزوێنێ
بەهار نامەوێ جوانیت ببینم
***
بەهار و دەشت و ئاسمانی شینی
بولبول و قومری و گوڵ و نەسرینی
نەشئەی دیمەنی جوان و شیرینی
پەشمە لای کەسێ سەراپا ژینی
پڕ بێ لە دیلی و دەرد و غەمگینی
بەهار نامەوێ جوانیت ببینم
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]