ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 54ەمین ساڵیادی #ڕێکەوتننامەی 11ی ئازار#ی 1970 پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ڕێککەوتننامەکە بەرهەمى تێکۆشان و قوربانیدانى گەلى کوردستان بوو کە حکوومەتى عێراقى ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانیدا بنێت، هەروەها بووە بناغەى هەموو دەسکەوتەکانى دواترى گەلى کوردستان.
=KTML_Bold=دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:=KTML_End=
ئەمڕۆ یادى شکۆدارى (54) ساڵەى ڕێککەوتننامەى (11)ى ئازارى 1970 دەکەینەوە کە لەنێوان دەسەڵاتى ئەوساى عێراق و شۆڕشى مەزنى ئەیلوولدا بە ڕابەرایەتیى بارزانیى نەمر واژۆ کرا. ڕێککەوتننامەکە وەرچەرخانێکى چارەنووسساز و یەکەم بەڵگەنامەى فەرمى بوو لە مێژووى هاوچەرخدا. بەرهەمى تێکۆشان و قوربانیدانى گەلى کوردستان بوو کە حکوومەتى عێراقى ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانیدا بنێت، هەروەها بووە بناغەى هەموو دەسکەوتەکانى دواترى گەلى کوردستان.
لەم یادەدا مێژووى پڕ لە نەهامەتیى دەوڵەتى عێراق بە بیرى هەمووان دەهێنینەوە کە لۆژیکى هێز و بیر و سیاسەتى نکۆڵیکردن لە مافەکانى گەلى کوردستان و پێکهاتەکانى عێراق بەگشتى، چ زیانێکى لە وڵات داوە؟ پاشگەزبوونەوەى دەسەڵاتى ئەوساى عێراق لە ڕێککەوتننامەکە، شەڕ و ماڵوێرانى و کارەسات و ناسەقامگیریى بەردەوامى بۆ عێراق و گەلانى بەدواى خۆیدا هێنا کە لێکەوتەکانى تا ئەمڕۆش بەردەوامن.
با لە هەرێمى کوردستان ئەم یادە بکەینە دەرفەتى لێکگەیشتنى هاوبەشى لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەراندنى کێشە و ناکۆکى تا پێکەوە ڕووبەڕووى ئاڵنگارییەکان ببینەوە و دەسکەوت و مافە دەستوورییەکان و قەوارەى فیدراڵیى هەرێمى کوردستان بپارێزین. لە عێراقیش پەند و وانە لە ڕابردوو و مێژووى پڕ لە ئازارى وڵات وەربگرین، دەستوور جێبەجێ بکەین و سیستمى فیدراڵى و مافەکانى هەموو گەلان و پێکهاتەکانى عێراق بپارێزین و بە ڕوانینێکى هاوبەش بەره و داهاتوو هەنگاو بنێین.
سڵاو لە یادى ڕێککەوتننامەى (11)ى ئازار و دروود بۆ گیانى پاکى شەهیدان. [1]
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
#11-03-2024#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=