ناونیشانی پەرتووک: لالە مارف؛ فەرماندەیەکی بەئەمەک
ناوی نووسەر: #حسێن عەزیز#
ساڵی چاپ: 2023
ژمارەی چاپ: یەکەم
$ڕانانی پەرتووک$
کوردۆ عەزیز
ئەم پەرتووکە بەناو و ڕووخساردا وا دەردەکەوێت دەربارەی ژیانی شەهیدێکە، وەلێ بەتەواوی ئەو پەندە ئینگلیزییەی لەسەر جێبەجێ دەبێت کە دەڵێت: (بە بەرگەکەیدا بڕیار لەسەر پەرتووکەکە مەدە) چونکە ئەم پەرتووکە ئاوێنەی خەبات و تۆماری داستان و بەرخودانی نزیکەی 500 پێشمەرگەی گیانبازە، مێژووی مێرخاسە خوینگەرم و کێوڕەنگەکانی نیشتمانە، هەوڵێکە بۆ لە یادنەچوونی دەیان شەڕ و داستانی گەورە، زیندوو ڕاگرتنی ناوی سەدان شەهید و بریندار و بیرخستنەوەی دەیان ئەندامی ئازای ڕێکخستنەکانە کە ئاشکرابوونی ناوەکانیان سزاکەی کەمتر نەدەبوو لە پەتی سێدارە!
$بەشداریی لە دوو شۆڕشدا$
محەمەد مەحمود قادر ناسراو بە (لالەمارف 1951-1995) تەنیا 44 ساڵ ژیاوە، بەو تەمەنە کەمەوە بووەتە ناوێکی دیار و بەشکو، نووسەر لە سۆنگەی ژیانی لالەمارفەوە ژیانی فەقێیەتی و خوێندنی ڕوونکردووەتەوە، چۆن تەنیا خەڵکانێکی کەم خراونەتە بەرخوێندن لە گوندەکاندا و لالەمارف خراوەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە و لە حوجرەدا خوێندویەتی و هەندێک بە حەمە فەقێ بانگیان کردووە، ئەمەش بۆ ئەو ڕۆژگارە نوخبەی خوێندەوار بووە.
لالە مارف ساڵی 1973 بووەتە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلولدا، لە بەتالیۆنی حەوتی #خانەقین#، تاوەکوو نسکۆی ئەیلول بەردەوام بووە. دواتر کاری ڕێکخستنی کردووە و تا لە ساڵی 1980 بووەتە پێشمەرگە لە شۆڕشی نوێدا لە هەرێمی پێنجی قەرەداغ. ساڵی 1982 فەرماندەی کەرتی دووی تیپی 53 ی شێروانە بووە. ئەوەندە ئازایانە و دڵسۆزانە خەباتی کردووە لە ترۆپکی دەسەڵاتی یەکێتییدا جێگەی متمانە و پیاوی ئەرکە سەختەکان بووە. ڕەوان شاد #نەوشیروان مستەفا# لە دیدارێکدا کە بیرۆکەی ئەم پەرتووکەی بۆ باس کراوە وتوویەتی: (من سەرپەرشتی شەڕەکانی یەکێتییم کردووە و هەمیشە لالەمارفم بۆ شەڕەکان هەڵبژاردووە) بەشداری لالەمارف لە «داستانی ڕزگاری»دا هاوشانی شەهیدی نەمر مامەڕیشە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. ئەمە جگە لە شەڕی قڕناقە و پشت ئاشان و شەڕی نەیجول لەگەڵ شەهید خالید #گەرمیان#ی، شەڕەکانی بەرگری لە شاڵاوی ئەنفال لە گوندی زەڕین و شەڕی سەید خەلیل، شەڕی زەنگەکە، شەڕی خاڵە بەگ، داستانی پیازەجاڕ و زۆر شەڕی سەختی تر، سەرەڕای بەشداری کارای لە ڕاپەڕین و شەڕە نەگریس و داسەپاوەکانی یەکێتی لە پاش ڕاپەڕین.
$تێپەڕاندنی بیروبۆچوونی خێڵەکی$
مامۆستاعەلی پەڕڵەمان نووسەر و پێشمەرگەی دێرین پێشەکی بۆ پەرتووکەکە نووسیوە و ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاری ڕێکخستنی لالە مارف کردووە نووسیویەتی: (لالە مارف لە خەباتی ژێرزەمینیدا ڕۆڵێکی باڵای هەبووە دەیان کەسی بۆ ڕێزەکانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی دواتر کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ڕێکخستووە، بەمەش لالە مارف لەو سنوورە دەترازێ کە بیروبۆچوونی خێڵەکی تیدا زاڵبوو).
شایەنی ئاماژەپێدانە، بەهۆی ئەوەی لالە مارف کادری ڕێکخستن بووە و کەسێکی چاوکراوە و ڕۆشنبیرو خوێندەواربووە ساڵی 1982 کراوەتە ئەندامی کۆنفرانسی محەلی کۆمەڵە لە (بەلەکەجاڕ)، دواتر کراوەتە ئەندامی کۆنفرانسی سێیەمی محەلیی کۆمەڵە لە گوندی زەردەلیکاو لە ساڵی 1983. لالە مارف ئەندامی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی بووە لە 27-31/1/1991.
$ڕێکخستن و پێشمەرگە$
هەماهەنگی نێوان ڕێکخستن و پێشمەرگە پێویستییەکی حەتمی بووە بۆ سەرکەوتنی چالاکییەکانی پێشمەرگە. لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە چەندین کەس پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە دەکرد و چەندین زانیاری گرنگ ئاڵوگۆڕ دەکرا و ئەم کارەش بۆ کەسێکی وەک لالە مارف کە هەم کادری ڕێکخستن و هەمیش پێشمەرگە بوو بەکارامەیی بەدیدەهات و چەندین چالاکی لە ڕێگەی ڕیکخستنەکانەوە کراوە، لەوانە هەڵدانی نارنجۆک لەناو دڵی ڕژێمدا لە #کەلار# ساڵی 1983 . بە هاوکاری چەند ئەندامێکی ڕێکخستن ساڵی 1982 توانی ڕەبیەی سەر حامیەی #کەرکووک# بەبێ تەقە بگرێت و 13 سەرباز بەدیل بگرێت و دەسکەتی چەک و تەقەمەنی ناو ڕەبیەکە بکاتە دەسکەوتی شۆڕش. ئەمە جگە لە گەیاندن و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی شۆڕش و بەکارهێنانی ئامێری فۆتۆکۆپی ماڵی سابیری پەرتووکخانە کە ئەندامی ڕێکخستنی کەلار بووە و گەیاندنی کۆمەک و پیتاکی ڕێکخستنەکانی شار بە شاخ دیارترینیان گەیاندنی نۆ هەزار دینارە بە شۆڕش لە 1/8/1986 دا.
$تەنز و قسەی خۆش$
بەدەر لە ئاگری شەڕ وهێرش و بۆسە و چالاکی پێشمەرگانە، تەنز و قسەی خۆش بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگەکان، لالە مارفیش سوارچاکی ئەم بوارە بووە و هەردەم بە قسەخۆشەکانی لەو ڕۆژگارە ناهەموارەدا دڵی خەڵک و هاوسەنگەرانی خۆش کرووە هەر بۆیە چەند لاپەڕەیەکی پەرتووکەکە بۆ نوکتە و تەنزی لالەمارف تەرخان کراوە.
$دەستگیرکردنی کەسوکاری پێشمەرگە$
دەستگیرکردنی کەسوکاری پێشمەرگە یەکێک بوو لە سیاسەتەکانی ڕژێمی ڕووخاو بۆ ئەوەی فشار لەسەر پێشمەرگەکانی شاخ درووست بکات ڕادەست ببنەوە و چەکەکانیان دابنێن ئەمەش وایکردووە کەسوکاری پێشمەرگە ژیانێکی زۆر سەخت و دژوار بگوزەرێنن لە دۆخێکی دەروونی ئێجگار لانەباردا بن و هەمیشە چاوەڕێی گرتن بوون. ڕژێم حاجی مەحمودی باوکی و حاجی فاتمی دایکی و عەزیزی برای لالەمارف لە گوندی میل قاسم -#کفری# دەستگیر دەکات و ڕەوانەی ئەمنی سەرقەڵا دەکرێن و پاشان دەبرێنە بەعقوبە لەوێوە بۆ زیندانی ناوچەی فزەیلیە لە بەغدا دەگوێزرێنەوە. بەمەش تەواوی بنەماڵەکەیان دەکەونە ژیانێکی زۆر ناهەموار و سەختەوە دایکی هەرزوو ئازاد دەکرێ، بەڵام باوک و براکەی دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک بەر لێبوردن دەکەون و عەزیزی برای لەبەر ئەوەی گەنج بووە دەنێردرێ بۆ سەربازی.
$ڕاپەڕین$
لالەمارف ژمارەیەک خەڵک و کەسایەتی ئاگادار کردووەتەوە لەو نامانەی لە مەکتەبی سیاسی و شەهید حەمە ڕەشەوە پێی گەیشتوون و لەگەڵ ڕاپەڕین دا بەشدارییەکی کارای کردووە، شەوێک پێش ڕاپەڕبن ژمارەیەک پێشمەرگە ئاگادار دەکاتەوە چەکو و تەقەمەنی ئامادە بکەن و لە ڕزگاری تەقە بە ئاسماندا دەکەن و لە چەند لایەکەوە تەقە درووست دەبێت و دواتر دەچنە سەر بنکەی پۆلیس دەبینن هەڵهاتوون و دواتر لە کفری و سنووری #جەلەولا#و شێخ باوە بەشداریی ڕاپەڕین دەبێت ئەمەش هاتنەدی خەونی لە مێژینەی لالەمارف بووە هەروەک لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیوییدا لە ساڵی 1993 لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی خۆشترین بیرەوەریی ژیانی پێشمەرگایەتیت چی بووە لالە مارف وتویەتی: (خۆشترین بیرەوەری ئێمە لەسەرەتای دەرچوونەوە بۆ پێشمەرگایەتی ئاواتی لە مێژینەمان ئەوە بووە کە دیکتاتۆری فاشی لە کوردستاندا نەمێنێ و #بەعس# ڕابماڵرێ و بڕوا، ڕۆژێکی ئارام و سەربەستی بەخۆمانەوە ببینین، ڕاپەڕین کرا ئیتر هەناسەیەکی ئازادم هەڵکێشا و وتم ئۆخەی ئەوە خۆشترین ڕۆژە).
$حکومەتی میلیشیا و فەوجی پاراستن$
لە دوای ڕاپەڕین کاتێک هەستی کوردایەتی خرۆشا بوو، دۆخی شەڕ و دیاردەی چەکداریی باڵی کیشابوو بەسەر کۆمەڵگەدا، حکومەت زیاتر لە دۆخێکی ناسەقامگیردا بوو، یاسا وەک پێویست جێبەجێ نەدەکرا و ساڵی 1994 لالەمارف لە ئاهەنگی کۆتایی خولی مەشقی فەوجی پاراستن دا وتەیەک پێشکەش دەکات و تیایدا بەڕوونی باس لە مەترسی حکومەتی میلیشا دەکات، ئەگەر بگەڕیینەوە بۆ ئەو ڕۆژگار و کات و بارودۆخە بۆمان دەردەکەوێت لالەمارف لە پێش هەمووانەوە دەرکی مەترسی میلیشا کردووە و داوای سەروەریی یاسا و گرنگی مەشقی پۆلیس دەکات بۆ پاراستنی ئارامی و ئاساییش نەک بۆ ستەم و ستەم و ترساندنی خەڵک. دژی دیاردەی بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵی دەوڵەت بووە بەتایبەت دیاردەی دزین و بڕینی تەلی کارەبا. هەروەک لەگەڵ گەشەکردنی شارستانییانەی شاردا بووە و ڕووبەڕووی ئەوانە بووەتەوە کە زیادەڕەوییان کردۆتە سەر زەوی و لە ڕێگەی لیژنەی ئەمنییەوە ئەرکی لابردن و ڕێگری زیادەڕەوییان پێسپێردرابوو.
$کێ ئەم پەرتووکە بخوێنێتەوە؟$
بۆیە خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە سوودبەخش و چێژبەخشە بۆ پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان، مێژوونووسان، ئەوانەی توێژینەوە دەکەن لە بواری ئەنفال، شۆڕشی نوێ، زانیاری تێدایە بۆ ئەوانەی لە وەزارەتی شەهیدان و مەکتەبی شەهیدان کاردەکەن، بۆ ئەوانەش گونجاوە ئارەزووی خوێندنەوەی یاداشت و بیرەوری دەکەن.[1]