ناونیشانی پەرتووک: دراوسێ دەربارەی ئەخلاق و #ئەنفال# ناسیی
ناوی نووسەر: #هاوار محەمەد#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: ڕێکخراوی ئازادبوون
ساڵی چاپ: 2024
ژمارەی چاپ: یەکەم
لە جەنگى دەوڵەتانى دراوسێدا، دەرفەتى ئەوە بۆ بەعس دەڕەخسا کە ترسناکتر ماشێنەکانى کوشتن دژ بە کوردەکان بخاتە ئیش. لە جەنگدا بە حەتمى ڕوخسارى ئەو ڕەگەزە دەردەکەوێت کە لە ڕووى ئەخلاقییەوە نابێت قڕبکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، زەبروزەنگى بەعس بەرانبەر کوردەکان، کە لە ڕووى فۆڕماڵەوە هاووڵاتیى ئێراقى بوون، لەو زەبروزەنگە زیاتر بوو کە لە جەنگدا ئاڕاستەى دوژمنى دەکرد. بۆ بەعس جەنگ باشترین هەل بوو تا هەموو دەسەڵاتى خۆى بۆ پاکتاوکردنى ئەویترەکان تەرخان بکات بێ ئەوەى هیچ کەسێک ناڕەوایەتى ئەم پاکتاوە بسەلمێنێت، لەبەرئەمەیە جەنگ سووکایەتییە بە ئەخلاق. نازیزم لە ڕووى مۆاڵییەوە جەنگە جیهانییەکەى بۆ ئەوەى هەڵگیرساند ئەم ڕەگەزە دەربکەوێت کە لە دۆخى جەنگدا کوشتنى لە هەموو کات ئاسانترە؛ هۆڵۆکۆست، وێڕاى ڕیشە مێژووییەکانى، لەناوەندى جەنگدا ڕوودەدات. هەمان شت بۆ ئەنفالیش ڕاستە. لەو دەمەى کە دەوڵەت بە تەواوى سەرقاڵى جەنگە، لەنێوبردنى کوردەکان لەبیر ناکات، چونکە خودى جەنگەکە بۆ ئەم کوشتنە بەکۆمەڵە هەڵگیرساوە. ئامانجى سەرەکى جەنگەکانى بەعس سەرکەوتن بەسەر دەوڵەتانى دراوسێدا نەبوو، بەڵکوو زاڵکردنى نەزمى جەنگ بوو لە ناوچەکەدا کە تێیدا مۆڕاڵى دراوسێیەتى دەبێتە جێى گاڵتەجاڕى. بەعسیزم نموونەیەکى ڕەبەقى خاپوورکردنى دراوسێیەتییە، هەر لەبەرئەمە نەزمێکی تەواو نا-ئەخلاقییە.
سەدام حسێن ئێراقى گۆڕى بۆ دەوڵەتى جەنگ، بۆ دەوڵەتێک کە لە ماوەى دە ساڵدا پەلامارى دووان لە وڵاتە دراوسێکانى دا، ئەمە جگە لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ سووریا و لیبیا و هەڕەشەى بەردەوام لە ئیسرائیل. بەڵام هەموو ئەمانە جەنگ بوون لەنێو نەزمى دیالەکتیکدا، لەگەڵ بوونێکى کۆتادارى نێو کایەى سیاسەتدا. لەبەر ئەم خاڵە، ئێران و ئیسرائیل و سووریاش بەهەمان شێوەى ئێراقى بەعس دەوڵەتانى جەنگ بوون، بەڵام دەوڵەتى جەنگ تەنیا ئەو کاتە جەنگ دەگۆڕێت بۆ جەنگێکى تۆتاڵى ئەوتۆ هەموو شت بگرێتەوە، کە دەرەوەى جەنگیش لەنێو ببات، کە ڕوخسار وەک دەرەکێتیى جەنگ، بە کوشتن بسرێتەوە. ئەم ڕوخسارەى بەعس دەیویست بیسڕێتەوە هیچ کەس نەبوو جگە لە کوردەکان. ئێرانیش لاى خۆیەوە کە لەگەڵ ئێراقدا لە جەنگدا بوو، دواجار، بە قەولى خومەینى، جامە ژەهرەکەى خواردەوە و ئاشتى لەگەڵ مۆر کرد. ئەوەى هەرگیز ئێران لەگەڵیدا نەچووە ئاشتییەوە دیسان هەر کوردەکان بوون، کە ڕەنگە بۆ ئەو لە ژەهر خراپتر بووبن: ناکۆتا. جیهاد جەنگى هەمیشەیى بوو لەگەڵ ئەو دراوسێیەدا کوشتنەکەى لەوە زەرورتر بوو بکرێت بەژێردەست و کەنیزەکیش، بۆیە چ دەوڵەتی ئێراق و چ ئێران لە ماوەى هەشت ساڵى شەڕى سەختى خۆیاندا، هیچ ڕۆژێک لە لەنێوبردنى کورد غافڵ نەبوون. [1]