ژنە پاڵەوانەکانى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە زەمانی مەدا، کار و کاسبی و پارە پەیدا کردن لۆ بەخێو کردنی منداران هەر لەسەر بابەکانمان بوو. زۆر بەدەگمەن ژن لەوەزیفەدا بوو، مەگەر تەنها لە خەستەخانە سستەر بی، یان لە مەکتەبەکانی کچان موعەلیمە بی. ئەویش تەبعەن لەبەر عورف و عاداتی ئەو وەخت کە نەدەبایە هەندەک ئیش پیاوان بیکەن بەتایبەتیی ئەوەى عیلاقەی بە ئافرەتانەوە هەبوو.
ئەوجا زۆربەی باب و باپیرانیشمان کاری وەزیفەیان نەدەکرد، هەموویان کاسبکار بوون، وەکی چایچی و حەمامچى و چەخماخچی و بەقار و نەجار و حەداد و فیتەر و دوکاندار و هتد.
ژنەکانیش زیاتر خەریکی پەروەردەی مندار و شیولێنان و بەڕێوەبردنی کاروبارى ناو ماران بوون. لەگەر ئەوەى مەسئولیەتی بژێوی پەیداکردن عایدی بابەکان بوو، بەران داکەکانمان ئەرکیان زۆرزۆر قوورستر بوو لەبابەکانیشمان زیاتر ماندی دەبوون.
هەر لەگەر بەیانیان پێش هەموومان لە خەو هەردەستان و نانی سبەینانیان حازر دەکرد، زۆرجار هەر خۆیان دەچونە سڕەی نانی فرنی و سەمونخانەکان، لەشیخەڵڵاش مەنجەرە ماست یان قاپەک قەیماغیان دەهێنا و هەتا مندار هەردەستان هەموو شتەک حازر دەبوو. دوایش جلک لەبەر کردنی مندار و بەڕێکردنیان لۆ مەکتەبێ، ئەوجا بەڕێکردنى مێردەکانیان لۆ سەر ئیش و کار و کاسبی.
لەگەر تەواو بوونی کاری سبەینان، زەمبیلیان هەردەگرت و دەچونە بازاڕ لۆ کڕینی پێداویستی شیوی نیوڕانان، گۆشت و ئەرزاق و شتیان دەکڕی لۆ نانی نیوڕانێ، ئیدی لەچێشتەنگانەوە خەریکی شیولێنان دەبوون. دوای نانخواردنیش تەشتیان دادەنا و بە دەست جلکی مندارانیان دەشوشت و هەر خۆشیان بەسەر قادرمە دەکەتن و دەیانبردە سەربان ڕایاندەخست.
عەسرانیش یان خەریکی کولیچەکردن دەبوون، یان جلکی منداریان چاک دەکردەوە، یانیش لەگەر کچانی جیرانەکان تەماتەیان دەشێلا لۆ مەعجونى، یان بامیەیان لەداوی دەدا لۆ هیشک کردنەوە، هەر ڕۆژە و بە شتەکی زەخیرەی زستانان خەریک دەبوون.
ئێوارانی هاوینانیش جێگایان دەبردە سەربانان و شەربە و شفتی و گندۆرە حازر دەکران، دوای ئەوەش منداریان دەخەواند، ئەوجا بەو هەموو ماندی بوونەوە دەچونە سەر جێ. ڕۆژی دواتریش عەینەن شت دووبارە دەبوونەوە.
هەتا کڕینی قۆندرەو قوماشی بێجامە و بەرگە دۆشەک و نازانم چی و چى، هەمووی لەئەستۆی داک بوو. بەڕاستی داکەکانمان قارەمان بوون، ئەو هەموو ئەرکەی ڕۆژانەیان بەجێ دەگەیاند بەبێ ئەوەى بێزار بن، زۆربەی شەوان خەویان لەخۆیان حەرام دەکرد بەدیار منداری نەخۆشەوە، شەوان چەند جارەک بەخەبەر دەهاتن دەچونە سەر جێی منداران نەوەکا بەتانییەکە لەسەریان لاچوو بیتن، ئەرکی ئەو داکە پاڵەوانانەمان قەت قەت تەعویز نابنەوە..
ئێستاش بەچاوى خۆتان دەبینن، جلک بەغەسالە دەشورێ و هیشکیش دەکرێتەوە، حەمام و بانیۆ لە زۆربەی ماراندا هەیە، ئاوی تەماتە هەر وەختەکی بتەوێ لە بازاڕەکاندا هەیە، زەخیرەی زستانان داناندرێ چونکى هەموو شتەک هەیە. ئێستا ئەو مۆدیلی دلیفریش پەیدا بووە، ژن پێویستی بە شیولێنانیش نییە، بەتەلەفۆنەکی چ خواردنەکت بوێ لۆت دەهیننە سەر سفرە. سپلیت ژۆرەکەت دەکاتە حەمام خەمی سەرمابوونی مندارت نەمایە. کولیچە لەبازاڕ بە ئەنواع ئەشکال هەیە و پێویست ناکا خۆت ماندی بکەی.
ئێستا منداریش ڕازی نابن داکەکانیان قۆندرە و جلکیان لۆ بکڕی، بەرکو لێشی تووڕە دەبن ئەگەر کراسەک یان بلووزەکە بە زەوقی ئەوان نەبى. ئاخر منداری ئەو زەمانەمان ئەو ئەرکە قوورسانەی داک و بابانمانیان نەدیتیە لۆیە وا کەپوویان برند بووە و شا بەسەپانی خۆیان نازانن. هەر ئەوەشە خەرکەکەى وا مەغرور کردیە، چونکی زەمانی نەبوونی و عەزابی نان پەیدا کردنیان نەدیتیە.
هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی پڕ لەنووری داک و بابانمان کە قارەمان و پاڵەوان بوون لەبەخێوکردنی مندار و پەروەردەکردنیان بە هەموو شتەکی جوان، هەزار ڕەحمەت لە گۆڕیان.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!