کاکى شوفێر لەسەرخۆبە
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە سارانى شێست و حەفتاکان ڕادیۆ موهیمترین وەسیلەى ئیعلامى ئەو سەردەمە بوو، وەکى پێشتریش باسم کردیە پێش پەیدابوونى تەلەفزیۆن ڕادیۆ سەیدى ساحە بووە، تەقریبەن هەموو ماڵەک هەیانبوو، چونکى هەم نرخەکەى هەرزان بوو، هەمیش هەموو شتەکى تێدا بوو لە گۆرانى و بەرنامەى بەسوود لۆ چینەکانى کۆمەڵگە. هەر بە ڕادیۆش دەمانزانى ئەخبارى دونیا چییە، بەتایبەتیش لەو سەردەمە ئینقلاباتى عەسکەرى زووزوو ڕوویدەدا، سبەینان چاومان دەکردەوە لەرادیۆوە بەیانى ڕەقەم یەکمان دەبیست و دەمانزانى لە بەغدا ئینقلاب بووە و حوکمەت گۆڕایە .
ئەو بەیانە ڕەقەم یەکانەش هەمووى درۆ و دەڵەسە بوون و هەزاران جار گێمان لێیان دەبوو، هەتا وامان لێهاتبوو هەر بەیانەکى تازەى ئینقلابچییەکان لەرادیۆ بخیندرابایە دەمانزانى چ دەرێ و باسى چ دەکا، چونکى هەموویمان وەکى نەشیدى مەکتەب لەبەر کردبوو، وەکى کاتەکى دەیانگۆت (بالإتکال على اللە ومؤزارة جیشنا الأبطال تم تطهیر البلاد من الزمر الرجعیة وعملاء الإستعمار والصهیونیة!) واتا بە پشتیوانى خواى گەورە و هیمەتى جەیشە قارەمانەکەمان تانیمان وراتەکەمان لەحوکمى بەکرێگیراوانى ئیستعمار و ئیمپریالیەت ڕزگار بکەین و حوکمى نیشتمانى و سەربەخۆیى بگرینە دەست، لەبەر خاترى میللەت ئەو تاقمە بەکرێگیراوانەمان لەناوبرد!.
ئەوجا دواى خیندنەوەى بەیانى ڕەقەم یەک دەکەتنە سەر گرتن و کوشتنى ئەو خەرکانەى سەر بەدەسەراتى پێش خۆیان بوونە، هەندەکیشیان ئیحالەى تەقاعوود دەکرد!. ئەوجا پاش چەند مانگەکى دى مەجموعەیەکى تازە دەهاتن لە عەریف و نائیب عەریف و ڕەئیس عورەفا بەسەرکردایەتى زابتەکى سێ نەجمە ئینقلابەکى نوێیان دەکرد و لەرادیۆکان نەشیدى (اللە أکبر فوق کید المعتدی) دەستى پیدەکرد و عەینەن تاس و عەینەن حەمام دووبارە دەبووەوە، نائیب عەریفەکان دەبوونە نەقیب و عەمید، زابتەکەش دەبووە موشیر ڕوکن. ئەوجا گرتن و کوشتنى ئەوانەى پێش خۆیان دەستیپێدەکرد بە توهمەى بەکرێگیراوى ئیستعمار و ئیمپریالیەت، ئەوانەى تازەکانیش دەبوونە نیشتمانپەروەر و خزمەتکارى میللەت!.
ئەوجا لەو سەردەمى ئینقلاباتە قسەیەکى خۆش هەبوو کە لەسەر زارى زابتەکاندا دەگێڕدرایەوە و دەیانگۆت (خل نسوی انقلاب، اذا نجحنا نصیر وزراء، واذا فشلنا نصیر سفراء.) واتا هەندەک لە زابتەکان خڕ دەبوونەوە دەیانگۆت با ئینقلابەکى تازە بکەینەوە، ئەگەر سەرکەوتین دەبینە وەزیر، ئەگەر سەریش نەکەوتین دەبینە سەفیر. ئاخر ئەو زەمان عادەت وابوو هەر قائید ئینقلابەک فەشەلى هینابا دووریان دەخستەوە لۆ دەرەوەى عیراق هەتا نەتانى جارەکیدى ئینقلاب بکاتەوە!.
ئەوجا هەر لۆ خۆشى شتەکم بیر کەوتەوە. ئەگەر بەبیرتان بێ لەسارانى حەفتا و هەشتایەکان تەها محیەدین مەعروف نائیب ڕەئیس جەمهوورى عێراق بوو. هەر جارەکى دەعوەتنامەیەکى ڕەسمى لە وراتەکى ئەفریقى لۆ عێراق بهاتبایە ئەویان بە ئیفاد دەنارد، ئەگەر دەوڵەتەکەش ئەوڕوپى و ئەمەریکى بایە سەرکردەکانى بەعس لۆ خۆیان دەچوون. ئەوجا مام تەها هیچ ئیشى نەبوو بەس تەنها چوونە ناو دارستانەکانى ئەفریقیا!. لەوانەیە حزبى بەعس بە ئەنقەست ئەویان بناردبایە ناو غاباتەکانى ئەفریقیا بەشکو ئەوە خوایە لەوێ تووشى قەبیلەیەکى ئینسانخۆرەکان بیتن و بیکەنە پاچە و بیخۆن و لە کۆڵ بەعسى بکەنەوە!. عەلاکولین بابێمەوە سەر ئەسڵى مەسەلەکە.
لەو سەردەمەدا ئیزاعە جگە لەوەى لۆ خزمەتى سیاسەتى حزبە دەسەڵاتدارەکان تەرخان کرابوو، گۆرانى و مۆرانیشى لێ براو دەکرایەوە. هەندەک بەرنامەى زۆر بەسوودیشى هەبوو، وەکى بەرنامەى زەراعى لۆ فەلاحەکان، بەرنامەى تەندروستى لۆ هۆشیار کردنەوەى خەرکى، بەرنامەى سەقافى، هتد..
یەک لەو بەرنامانەى کە زۆر بەسوود بوو، بەرنامەى هاتوچۆ بوو بەناوى (السلامة العامة ) کە لۆ شوفێرەکان بوو، ڕێنمایى دەدانێ و باسى حادیسەکانى سەر ڕێیەکانى دەکرد و خەرکى هاندەدا لۆ ئەوەى پابەندى یاساى هاتوچۆ بن. عادەتەن سبەینان زوو سەعات حەفت ئەو بەرنامەیە پەخش دەکرا، لەبیرمە هەر جارەکى دەچووینە بەغدایێ لە ڕێگادا سایەقەکە دەیخستە سەر ئیزاعەى بەغدا و گێمان لەو بەرنامەیە دەگرت، لەو سارانەدا چەند زابتەکى مرور ناوبانگیان دەرکردبوو کە بەدەنگەکى زۆر خۆش و بەشێوازەکى جوانیش ئەو بەرنامەیان پێشکەش دەکرد ئەوانەى لەبیرم مابن (شاکر مەحموود و عەبدولوەهاب ئەلتەحافى و عەلى ئەلهاشمى و عادل عەبدولکەریم و ڕەعد ئەلدلێمی) بوون، بەران لە هەموویان مەشهوورتر (ئیبتهاج ئەلیاور) بوو، کە پیاوەکى جوان و ئێسک سووک بوو. بەشێوازەکى زۆر سادە و جوان و هێمنانە ڕێنمایى دەدایە شوفێران و هۆشیارى مرورى براو دەکردەوە، دوایى ئەو بەرنامەیە هاتە سەر تەلەفزیۆنیش و لەوێش ڕێنمایى لەسەر ئیشارەتى مرور و هەندەک جاریش لۆ ترساندنى سایەقەکان وێنەى ئەو تامپۆنانەى پێشان دەدا کە لەسەر ڕێگاکان ڕوویاندەدا. لاى خۆشمان هونەرمەندى مۆنۆلۆجیستى گەورەى هەولێر مامۆستا #سابیر عەبدولڕەحمان# گۆرانییەکى زۆر خۆشى لەسەر شوفێران تەسجیل کردبوو ڕۆژانە لە ئیزاعە و تەلەفزیۆنى کوردى براو دەکرایەوە کە دەیگۆت (کاکى شوفێر لەسەرخۆ بە، زۆر وریابە زۆر چالاک بە ئێى). ئەو گۆرانییەش دەورەکى زۆر باشى هەبوو وەکى ڕێنمایى لۆ شوفێران. ئەو هونەرمەندە گەورەیە چەندین مۆنۆلۆجى زۆر کاریگەرى هەبوو کە هەمووى ڕەخنەى تووند بوون لە دیاردە کۆمەڵایەتییە خراپەکانى ئەو سەردەمە، وەکى مۆنۆلۆجى (داخوازى، چوومە بازاڕ، حاجى لەقلەق مار هات، ئامانە، یاعین مولیتین) هتد.. ئاخر ئەو زەمانە هونەر بە عام لە خزمەتى میللەتەکەیدا بوو، وەکى ئێستا نەبوو هونەرمەندەکانى سەر جسرى #سەیداوە# لە گەعدەى عارەق خواردنەوەدا نەشیدى وەتەنى لەسەر عەمید فیلان و موقەدم عەلان بڕێن بەرکو شاباشەکیان بداتێ. یان مامۆستایەکى هونەر بچى کچە بەڕەڵاکانى خاریجمان لۆ بینى و جلکى کوردیان لەبەر بکا و نەشیدى وەتەنییان پێ تۆمار بکا!. ئەو زەمان هونەر ئیلتزام بوو، موحتەڕەم بوو، لۆیە بەراوردى گۆرانى و تەمسیل و شانۆى جاران لەگەر ئێستا بکەى، فەرقیان عەرد و عاسمانە..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!