#هەولێر# دواى 50 ساڵ
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
چەند سارەک پێش ئێستا لەموسەلسەلەیەکى تاریخى عەرەبیدا دیتم، دوو پیاوى پیر لەسەردەمى پێش ئیسلام دانیشتینە قسە دەکەن، باسى حاڵ و ئەحواڵى سەردەمى خۆیان دەکەن. یەکیان دەیگۆت: برام ئەو زەمانەخۆشەى پێشانمان ڕۆى جارەکیدى نایەتەوە، ئێستا دونیا گۆڕاوە هیچ شتەک خۆشى جاران نەمایە!.
ئەگەر باپیرەکانمان بمابانایە ئێستا دەیانگۆت: ڕۆڵە زەمانى باب و باپیرانى مە زۆر خۆشتر بوو لە زەمانى ئێمە!. بابى ڕەحمەتیشم هەموو جارەکى کە باسى دونیا دەهات دەیگۆت: کوڕم زەمانى بابمان زۆر خۆشتر بوو لەزەمانى ئێمە، ئەو زەمان ئەخلاق وکەڕەم هەبوو، ڕەحم و بەزەیى هەبوو، ئێستا کا ئەو شتانە مایە!.
ئەمنیش ئێستا بە کۆڕەکانم دەرێم: کوڕى بابم ئەنگۆ زەمانى باب و باپیرى منتان نەدیتییە چەندە زەمانەکى خۆش و سادە بوو، خەرکى یەکتریان خۆش دەویست، زەمانى پیاوەتى و خێر و بەرەکەت بوو!.
سبەى کوڕەکانیشمان بە مندارەکانى خۆیان دەرێن: کاکى خۆم ئەنگۆ لەزەمانى بابى مە نەژیاون لۆیە قەدری عافیەت نازانن، زەمانى بابمان هەمووى خۆشەویستى و پیاوەتى و خزم دۆستى بوو، ئێستا هیچ شتەک لەوانە نەمایە!.
کەواتە حەنینى ئینسان لۆ زەمانى ڕابردى شتەکى خواییە، هیچ کەس لەحازرى خۆى ڕازى نییە. ڕاستە کۆمەڵگە پێشدەکەوى، بەڵام لەلاى من قیەم و ئەخلاقى کۆمەڵگە لە هەموو شتەکى بەنرخترە، ئەوەتا ئەویش وردەوردە لەناو دەچى.
زۆر وتارم لەسەر زەمەنى ئاڵتونى خۆمان بڵاوکردیتەوە، زۆریشم گۆت، کە سەردەمى مە هێشتا قیەمە جوانەکان باویان مابوو، خزمایەتى، برادەرایەتى، سیلەى ڕەحم و پیاوەتى، بەهاناوەچوونى یەکترى، ئەوانە بەگشتى ئەخلاقى کۆمەڵگەکەى ئێمە بوون. ئێستا زەمەن گۆڕا، ئەوەش سوونەتى حەیاتە.
ئێستا یەک بەخۆم حەسرەت لۆ هەموو ئەو ڕۆژە خۆشانە دەکێشم، ئەوەش لە نووسینەکانمدا دیارە کە باسى چایخانەى عەبۆ و گازینۆ لەیالى دەکەم، باسى فەریقى تۆپانى یانەى شورتە دەکەم، باسى #ڕەسوڵ گەردى# و #تاهیر تۆفیق# و#عەلى مەردان# دەکەم، باسى مەتعەم تاجریان و تەشریبەکەى مام عوسمان دەکەم، باسى شەربەتەکەى مام سدیق #ڕواندز#ى و دۆندرمەکەى کەمالە کەچەل دەکەم، باسى لەفەکەى مام ئەلیاس و تورشیەکەى مام نادر دەکەم، باسى خارە حەمە و مەمەدە شێت و بەرخۆکە دەکەم، باسى سەیارەى شلەخەجێ و پەست و جێبەکەى مام سابیرى کوران دەکەم، باسى عەسەلیات و لەگلەک و کێکى بەعەینەک دەکەم، باسى فولکەى نافوورە و #گڵکەند# و غاباتەکى خەستەخانەى جەمهوورى دەکەم، باسى حیکایەتە خۆش و شیرینەکانى دە و ئاگردانى داپیر و باپیرەکانمان دەکەم، ئەوانە هەموویان یادەوەرییە شیرینەکانى سەردەمى ئێمە بوون.
پاش پەنجا ساڵ ئەگەر کوڕەکەم یان هەر نووسەرەکى وەکى خۆم بیەوێ باسەکى هەولێرى سەردەمى خۆى بکا، تەبعەن باسى چایخانەى شەعبى جادەى #ئیسکان# دەکا، حەسرەت لۆ مەتعەم دڵشاد و گەسى غازى هەڵدەکێشى، باسى ئینسا و لۆکە و کریستال و یارجان و، خدر بێگەلاسى و عەزیز وەیسیان لۆ دەکا. باسى شەربەتى تاجەدین و دۆندرمەى بەیزادە دەکا، باسى سەیارەى لەیلا عەلوى و وەنەشە و مۆنیکا دەکا، باسى باخى نیشتمان و ئەکوا پارک و شانەدەر دەکا. ئەوانەش پاشى پەنجا سار دەبنە یادگارى ئەو جیلەى ئێستامان. دونیا هەر وابووە، یەک دێ، یەک دەڕوا، ژیانیش بەردەوامە..
بەڵام ئەوەى جێى داخە تەنها ئەوەیە شتە جوانەکان هەمیشە زوو دەڕۆن، ئەوەى دەمێنێتەوە تەنها شتە ناشرینەکانە.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!