ئۆپۆسزیۆنى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەکتێبەکى تاریخیدا خێندیتمەوە دەرێ: ئەو کاتەى ئەسکەندەرى گەورە ویستى دونیا داگیر بکا، لەشەڕەکانیدا گەیشتە عێراق. دیتى میللەتەکى عەجایبن بەهیچ شتەکى ڕازى نینە. نامەیەکى لۆ مامۆستاکەى دەنووسى کە فەیلەسوفى یۆنانى (ئەڕستۆ) بوو، پێى دەرێ: گەیشتیمە وراتەکى میللەتەکەى بەهیچ شتەکى ڕازى نینە، هەر چییان لۆ دەکەم هەر دانەکەسێن. دەمەوێ ئەو میللەتە بگوازمەوە وراتەکى دى، میللەتەکى دیکە بینمە جێگایان!. ئەرستۆ جوابى دایەوە گۆتى: کوڕە لۆ خاترى خوا نەکەى ئەو ئیشە بکەى، چونکى خەتاى میللەتەکە نییە کە دائیم ناڕازین، بەرکو خەتاى خاکەکەیانە، هەر میللەتەکى دیش بینیە جێگایان ئەوانیش لەوانە باشتر نابن!.
کوردە حەیاتەکەى خۆشمان بەشەکن لەو خاکەى عێراق لۆیە قەت بەئیسراحەت دانانیشن، لەوەتى دونیا هەیە هەر موعارەزە بوونە، هەرچى حکومەتەکیش هاتبى، کورد موعارزى بووە، بەوەى ئێستاشمانەوە.
وا نەزانن موعارەزەى ئێستا کە پێى دەرێن (ئۆپۆسزیۆن) هى ئەوڕۆ بن. نەخێر ئەمن بەبیرم دێ مندارى جاران هەر ئەوەندە بەسەر پێ بکەتبایە، یەکسەر دارلاستیقەکى بەدەست دەگرت و گلۆپى عامودەکەى پێش دەرکەى خۆیانى دەشکاند. ئەوجا هەر کاتى تەلەبەکان سەعیان هەبایە دەبایە بچن لەبەر فانۆسى بیکەن!. ئەوە چییە بەحساب کاکى گاگۆرە زەرەر لە حکومەت دەدا!.
یان مندار کە سوارى ئامانەى دەبوو، دەچوو کوشنى کورسییەکانى بە قەلەمبڕى دەدڕاند، ئیدى دەبایە لەسەر تەختە ڕەقەى دانیشین، ئەوە چییە مارى حکومەتە با بیدڕێنین!. ئەوجا لەبەر ئەوەى دەستى لەگەر کوشین دڕاندن ڕاهاتیه، دەچوو لەسینەماکانیش کوشنى کورسییەکانى دەدڕاندە هەر چەندە سینەماکان مرکى حکومەتیش نەبوون!
لەمەکتەبێ زۆرجار وەختى دەهاتینە دەرێ، هەندەک مندار بەردیان لەپەنجەرەى سەفەکان دەگرت و جامەکانیان دەشکاند، دەبایە بەو زستانە ساردوسڕە لەژۆرکانمان ڕەق ببینەوە، ئەوە چییە، زەرەر لە حکوومەتى دەدەن!.
لەسەر ڕەحلەى مەکتەبێ دادەنیشتن بە پڕگالى هەندەسەى ڕەحلەیان کون کون دەکرد و ڕەسمى حەیوانیان لەسەر حەفر دەکرد، دەبایە ئەمەش دەفتەرەکانمان لەسەر ئەو هەموو قۆرتانە دانێین و قەلەمەکانمان دەشکان، ئەوە چییە ڕەحلەى حکومەتە با تێکى بدەین!.
ئیدى ئەو مندارە ورتکە خەباتگێڕە ئۆپۆسزیۆنانەى جاران کە گەورەش بوون، ئەگەر سەفەرەکى بەغدایان بکردبایە لەنیوەى ڕێێ سەیارەکانیان ڕادەگرت و تەلەفۆنەکانى سەر جادەکانیان دەشکاند کە حکومەت لۆ کاتى حادیسەکان لەسەر ڕێیان داینابوو لۆ ئەوەى تەلەفۆن لۆ ئیسعافى بکەین.. ئەوە چییە شۆڕشگێڕن و زەرەر لە حکومەت دەدەن.
ئەو کاتى بانگى عەسکەریش دەکران، نەدەچوونە پێش و فیراریان دەکرد چونکى تەحەمولى زەبت و ڕەبت و نیزامیان نەدەکرد، ئەوجا دەچوون خۆیان لەناو تانکى سەربان و پشت کەنتۆرەکان دەشاردەوە بەس لۆ ئەوەى نەچنە عەسکەرى. ئەگەر تەحەڕییاتیش زۆر تووندبایە و ترسیان لەسەر بایە، جەمادانیەکیان پەیدا دەکرد و ڕوویان لەشاخ دەکرد و دەبوونە پێشمەرگە.
ئێستاش کە زۆربەیان تەقاعوود بوونە و کەلکى یەک فلسیان نەمایە، جارەکیدى دەبنەوە ئۆپۆسزیۆن و دێنە سەر جادەکان موزاهەڕەى بێ ئیستیفادە دژى حکومەت دەکەن!.
ئەوەیە دەرێ (تیتى تیتى.. کوو ڕویشتى.. ئەوهاش هاتى) ..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!