جەژنەکەت پیرۆزە کوردە یاخۆ شین و زارییە؟
سەرخۆشی کوردە لە جەژنت یاخۆ دەردت کارییە؟
پڕشنگی خوێناوی جەرگە یا گوڵاڵەی ئاڵ و واڵ؟
پیرەمەگروونت سەراسەر قرمز و گوڵنارییە؟
جەژنەکەت کەی جەژنە کوردە جێگە ڕاوی ڕۆستەمت؟
ئێستە جەولانگاهی غەیرە و دوژمنی خونخوارییە؟
سەرخۆشم ئەمڕۆ بەبانگی بەرز ئەڵێیم ئەی هۆزی کورد
جوولەکەیش جەژنی فەقیری خۆی ئەکا بێ عارییە؟
کەی ئەوە جەژنە بە دیدەی پڕ لە ئەشک و ئاهی دڵ؟
تک تکی فرمێسکی چاوت یەک لەسەر یەک جارییە
گەر بە تەنها چێشتە جەژنت، سەد کەڕەت خوا بێبڕێ
جەژنی ئازادی مەراممە و مەنهەجی بەدارییە
قانعا پیرۆزە جەژنت چوونکوو ئەمڕۆ لاوەکان
یەک بە یەک چاتر خەریکی خوێندن و هۆشیارییە
هۆزانەوان: #قانع#
پەرتووک: #چوارباخی پێنجوێن# [1]