بزنەکان سەربە کۆمەڵەی مەڕەکانن، ئاژەڵی مەمکداری گیاخۆری کاوێژکەرن شێوە و پێکهاتەیان زۆر نزیکە لە مەڕەکانەوە، لە بنەڕەتدا نشینگەکەی لە هەندێک چیا و شاخەکانی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا بووە، بەڵام لە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستاوە مرۆڤ ماڵی کردووە و لە دەشتەکاندا دەژین، بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشت و شیرەکەی، پێست و فەرووەکەشی بۆ درووستکردنی جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ بەکاردێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی لە سرووشتدا لەنێوان 10-15 ساڵدایە، بەڵام کاتێک مرۆڤ ماڵی دەکات تەمەنی دەگاتە زیاتر لە 15 ساڵ.
=KTML_Bold=شێوەی دەرەوەی=KTML_End=
زۆرینەی خرتەکان یان بزنە نێرەکان دوو شاخیان هەیە، لە ماددەی کیراتین درووست بووە هەمان ماددەیە کە لە پێکهاتەی نینۆکی مرۆڤدا هەیە، بەرزی بزن لەنێوان 40-80 سم دایە، و کێشی لەنێوان 45-77 کگم دایە، خێراییەکەی لە کاتژمێرێکدا دەگاتە 17 کم، ئەو فەرووەی جەستەی دادەپۆشێ هاوشێوەی داوە، ڕەنگەکەشی دەکرێت سپی یان ڕەش یاخود قاوەیی بێت، ئەو دەنگەی کە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتر و دەوروبەریان بەکاریدەهێنن پێی دەوترێت قاڕاندن.
=KTML_Bold=جۆرە بەناوبانگەکانی=KTML_End=
=KTML_Bold=بزنەکان زیاد لە سێ سەد جۆری جیاوازیان هەیە لە جیهاندا، بەڵام ئەم پێنجە بەناوبانگترینن:=KTML_End=
=KTML_Bold=-بزنی شامی:=KTML_End= هەروەها پێی دەوترێت بزنی دیمەشق، بە گشتی لە سووریا و لوبنان و قوبروس بەخێودەکرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی شیر ڕادەگیرێت، بە ڕەنگە قاوەییە تۆخەکەی و مل و قژە درێژەکەی و قەبارە گەورەکەی تایبەتمەندە، کە قەبارەکەی لە زۆرینەی جۆری بزنەکان گەورەترە، کێشی لەنێوان 50-60 کگم دایە.
=KTML_Bold=-بزنی بورجواری:=KTML_End= گەورەترین کێشی هەیە لەنێو هەموو بزنەکاندا، دەکرێت کێشی بگاتە 155 کگم، تایبەتمەندە بە خێرا گەشەکردنی و بەرهەمێکی زۆری هەیە، ڕەنگی سەری قاوەییە بەڵام جەستەی سپییە.
-=KTML_Bold=بزنی زرایبی:=KTML_End= لە بنەڕەتدا بەناوبانگترین توخمی بزنی میسڕییە، تایبەتمەندە بە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆری شیر، هەروەها بە درێژایی ساڵەکە توانای زۆربوونی هەیە.
=KTML_Bold=-بزنی کێوی:=KTML_End= شێوەیان زیاتر لە ئاسک دەچێت، هەردوو نێرینە و مێینەکان دوو شاخی درێژ و بەهێزییان هەیە، درێژییەکەی لەنێوان 20-30 سم دایە، بزنی کێوی دەتوانێت بە یەک باز مەودایەکی سێ مەتر و نیوی ببڕێت، ئەمەش هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی بە نێو بەرد و تاشە لێکدوورەکانی چیا و شاخەکاندا بپەڕێتەوە.
=KTML_Bold=-بزنی حیجازی:=KTML_End= ئەم جۆرە لە توخمی بزنە نوێیەکانە، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا لە وڵاتی دوورگە عەرەبییەکاندا هەیە و ناوەکەشی لە ئەم جێگانەوە وەرگرتووە، بەڵام لە بنەڕەتدا پاکستانییە.
=KTML_Bold=یەکگرتن و زۆربوون=KTML_End=
تەمەنی پێگەیشتن لە بزنەکاندا بە گوێرەی جۆر و تەندرووستی و وەرزی لەدایکبوونی دەگۆڕیت، بەگشتی لە تەمەنی 6-8 مانگی پێدەگەن، بەڵام هەندێک جۆریان هەیە کە لە سێ مانگییەوە دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن، هەروەها بە گوێرەی جۆری بزنەکان کاتی زۆربوون و یەکگرتنیش دەگۆڕێت، بەڵام بە زۆری بزنەکان لە دوو مانگی کۆتایی ساڵدا یەکگرتن ئەنجام دەدەن، ماوەی سکپڕییەکەشی 5-6 مانگ دەخایەنێت، بە دواییدا یەک یان دوو بێچووی دەبێت.
=KTML_Bold=پێویستییەکانی بزنە ماڵییەکان=KTML_End=
=KTML_Bold=پێش ئەوەی بزن ماڵی بکرێت دەبێت پێویستییەکانی ئامادە بکرێت، کە بریتین لە:=KTML_End=
-دابینکردنی جێگەیەکی سەلامەت، بزنەکە تیایدا خواردن و خواردنەوە و خەوتن ئەنجام بدات، ئاژەڵی دڕندە نەتوانێت هێرشبکاتە سەری و کەشوهەوای نالەباریش پێی نەگات، جێگەکەی وشک و گەرم بێت، و بە دار و دەوەنی بچووک ڕووپۆش کرابێت.
-دابینکردنی جێگەیەکی جیاواز و تایبەت، بۆ ئەو بزنانەی کە بێچوویان دەبێت یاخود نەخۆش بێت.
-ناوچەیەکی کراوەی گونجاوی هەبێت بۆ هەواهەڵمژینی ڕۆژانە.
-خۆراکی بۆ دابین بکرێت، کە بریتییە لە گەڵای درەخت و گژوگیا و دەوەن و سەوزەوات، وا باشترە دوای ماوەیەک بزنەکان ببرێنە لەوەڕگاکان، و دەبێت شوانێکیان لەگەڵدا بێت.
-ئاوی سازگاری بۆ دابین بکرێت، لە کاتی زۆربووندا دەبێت ڕێژەکەی زیاتر بێت، و جێگەی ئاوەکەش هەفتانە پاکبکرێتەوە، بۆ ڕێگری کردن لە تووشبوونیان بە نەخۆشی گوازراوە.
-گرنگیدان بە تەندرووستی و چارەسەرکردنی لە کاتی تووشبوونی بە کرمەکان، کە 30 ڕۆژ پێش سکپڕبوونی دەبێت کرمەکان لەناوببرێن، هەروەها کۆمەڵێک دەرزی دیکەی بۆ دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوونی بە نەخۆشییە باوەکانی نێو بزنەکان. [1]