گوێدرێژ یاخود کەر (بە ئینگلیزی: donkey)، بە ئەندامێکی خێزانی ئەسپەکان پۆلێن دەکرێت، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و لە سەرەتادا لە ڕۆژاوای ئاسیا و میسڕ ماڵی کراوە، و نشینگەکەی دەکرێت هەموو ناوچەکانی جیهان بگرێتەوە جگە لە جەمسەرە بەستووەکان، واتە دەکرێت بیابانەکانی ئەفریقا بێت یاخود لە وەڕگا و نزیک دەریاچەکانی ئاسیا، بەناوبانگە بە دەنگە تایبەتەکەی کە زەڕاندنە، ئەم ئاژەڵە بەئاسانی توانای ڕاهاتنی هەیە لەگەڵ خاوەنەکەی، یان ئەو گیانەوەرانەی دیکە کە لە لە وەڕگاکەیدا دەژین، بەڵام هیچ حەزی لە ئاو نییە و کاتێک ناچار بکرێت بەسەریدا بپەڕێتەوە ئینکارییەکی زۆر نیشاندەدات، گۆشتەکەی لە وڵاتی چین دەخورێت و دەڵێن کە تامەکەی هاوشێوەی گۆشتی مانگایە، لەبەر ئەوەی ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە کاتێک ماڵی دەکرێت و نشینگەکەی بەرتەسک دەکرێتەوە، ئەوا دەشێت تووشی ئاستەنگی ببێت لە دۆزینەوەی ژەمە خۆراکییەکانی هەروەها دەکرێت هەست بە بێزاری بکات، و لە ئەنجامدا کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکانی لاواز دەبن، گوێدرێژ ئاژەڵێکی زیرەکە و توانای بیرهاتنەوەی ڕێگەی ئاڵۆزی هەیە کە پێیدا ڕۆشتوە یاخود ناسینەوەی ئەو ڕووخسارانەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ نەیبینیون.
=KTML_Bold=سوودەکانی=KTML_End=
لە ڕابردوودا بە گشتی وەک هۆکاری گواستنەوە و زەوی کێڵاندن بەکاردەهات و خەڵکی سوودیان لێ دەبینی، بەڵام لە ئێستادا و دوای ئەوەی هۆکارەکانی گواستنەوە پێشکەوتوون بەکارهێنانیان بۆ ئەو مەبەستە کەمبووەتەوە، زیاتر بۆ پاسەوانی کردنی مەڕوماڵات بەکاردەهێنرێت، یاخود بۆ خۆشڕابواردن بەکاردێت وەک سواربوونی بەتایبەت بۆ منداڵ، یان ماڵیکردنی وەک ئاژەڵێکی بێ زیان و خۆشەویست، هەروەها دەکرێت لەگەڵ ئەسپەکاندا لە هەمان جێگەدا بهێڵرێتەوە، کە دەبێتە هۆی درووستکردنی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەسپی توڕە و نائارام و لە ئەنجامدا هێمنکردنەوەی، هەروەها لە ئێستادا لە چەند ناوچەیەک و بە تایبەتیی لە چین پێستەکەی لە بواری چارەسەری کلتوریدا بەکاردەهێنن، بەمەش ژمارەیان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدایە و مەترسییان لەسەر درووست دەبێت.
=KTML_Bold=شێوەی دەرەوەی=KTML_End=
گوێدرێژ جیاوازە لە ئەسپ بە ئەوەی کە بەرزییەکەی کەمترە و گوێیەکانی درێژترن، جۆری کێوی درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی 124 سم و کێشی دەگاتە 250 کگم، بەڵام جۆری ماڵیکراو بەگوێرەی گرنگیپێدانی درێژی و کێشی دەگۆڕێت، هەروەها ڕەنگی گوێدرێژ دەکرێت خۆڵەمێشی و ڕەساسی و قاوەیی و سپی بێت، و شیری مێینەکەی (ماکەر) جۆرێکی بەنرخە و ماددەی خۆراکی گرنگی زۆر تێدایە، و لە پیشەسازی جیاوازدا بەکاردێت.
=KTML_Bold=خۆراک=KTML_End=
گوێدرێژ گیانەوەرێکی ڕووەکخۆرە و ددانەکانیشی بە جۆرێک درووستبوون کە هاوکارییەتی لە خواردنی ڕووەک، بە گشتی گژوگیا و دانەوێڵە دەخوات، و بە درێژایی ڕۆژەکەی بە شوێن خۆراکدا دەگەڕێت چونکە ژەمەکانی پڕۆتینی کەمە، و زۆرینەی پێکهاتەکانی ڕیشاڵە، بەئاسانی هەرس دەبن و برسی دەبێتەوە.
=KTML_Bold=یەکگرتن و زۆربوون=KTML_End=
کاتێک گوێدرێژ (نێرینە) یەکگرتن ئەنجام دەدات لەگەڵ ماین بە بێچووەکەیان دەوترێت هێستر، بەڵام ئەگەر گوێدرێژ (مێینە) لەگەڵ ئەسپ یەکگرتن بکات کە ئەمەیان بە دەگمەن ڕوودەدات بە بێچووەکەیان دەوترێت باردۆ، هەردوو بێچووەکە نەزۆکن و توانای زۆربوونیان نییە، دوای یەکگرتنی نێرینە و مێینەی کەر ماوەی سکپڕی مێینەکەی نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، و دواتر دایکەکە بێچوویەکی دەبێت کە پێی دەوترێت جاش یان جاشولکە یاخود جاشکەکەر، و دوای دوو ساڵ بێچووەکە دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن، و توانای زۆربوونی دەبێت، باوەڕ وایە کە ئەگەر گرنگی تایبەت بە بێچووی گوێدرێژ بدرێت ئەوا بەئاسانی دەبێتە هاوڕێیەکی میهرەبان و بێ زیان، وە بەئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت چونکە هێمن و بە بەزەییە، و بە بەسەربردنی کات لەگەڵ مرۆڤەکان بێچووەکان چێژ دەبینن، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی گوێدرێژ بە نزیکەیی دەگاتە 33 ساڵ.
=KTML_Bold=جۆرە سەرەکییەکانی=KTML_End=
گوێدرێژەکان جۆر و نەوەی جیاوازی زۆریان هەیە، بەشێوەیەکی سەرەکی دابەشدەبن بۆ دوو بەش، گوێدرێژی کێوی و گوێدرێژی ماڵیکراو، کە هەریەکەیان ژمارەیەک لق و جۆری جیاوازیان هەیە، نموونەی جۆرە ماڵیکراوەکان وەک:
=KTML_Bold=-گوێدرێژی حساوی:=KTML_End= بەرزترە لە جۆرەکانی دیکە و ڕەنگی سپییە، لە ڕابردوودا بۆ ڕاکێشانی گالیسکە و وەک هۆکاری گواستنەوە بەکاردەهات چونکە توانا و هێزێکی زۆی هەیە، و هەتا ئێستاش لە ناوچەی هەژارنشین بۆ هەمان مەبەست بەکاردێت.
-=KTML_Bold=گوێدرێژی ئەسیوبی:=KTML_End= لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەژی و قەبارەیەکی ناوەندی هەیە، و ڕەنگی ڕەساسییە.
=KTML_Bold=-گوێدرێژی ئەسینارە:=KTML_End= قەبارەی ناوەند و بچووکی هەیە و لە نەوەی کەرەکێوییەکانە، بە جۆرێکی دەگمەن هەژمار دەکرێت و ڕەنگەکانی سپی و ڕەساسی هەیە.
=KTML_Bold=-گوێدرێژی پویتو:=KTML_End= لە نەوەی ئەو گوێدرێژانەیە کە نشینگەکەیان لە ناوەڕاستی فەڕەنسایە، و یەکێکە لە گەورەترین جۆرەکانی گوێدرێژ.
=KTML_Bold=-گوێدرێژی قوبروسی:=KTML_End= لە ئێستادا بەشێکی دانەبڕاوی کلتوور و مێژووی قوبروسە، قەبارەیەکی گەورە و هێز و توانای بەرگەگرتنی بەرزی هەیە، ڕەنگی قاوەییەکی تۆخە کە نزیک دەبێتەوە لە ڕەش، هەروەها بەکاردەهێنرێت بۆ پەڕاندن لەگەڵ ماین بۆ لە دایکبوونی هەندێک جۆری هێستر. [1]