ناو: کاکە زیاد
ناوی باوک: حەمە ئاغا
نازناو: کاکە زیاد ئاغا
ساڵی لەدایکبوون: 1914
شوێنی لەدایکبوون: کۆیە
کۆچی دوایی: 12-04-1991
شوێنی کۆچی دوایی: نەغەدە
کاکە زیادی کوڕی حەمە ئاغای گەورە ساڵی 1914 لە شاری کۆیە لەدایک بووە. بەمنداڵی خراوەتە بەر خوێندن و مردنی زوی حەمە ئاغای باوکی ڕێی لە کاکە زیاد گرت کە درێژە بەخوێندن بدات و ئەرکی بەڕێوەبەردنی بنەماڵەکەی گرتە ئەستۆ، بەڵام هەرگیز لەخوێندن و خۆ ڕۆشنبیرکردن دانەبڕاوە. هەڵوێستی کاکە زیاد بەرانبەر بە مەسەلە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بەڵگەی ئەوەن کە ئەم پیاوە هەڵکەوتووە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە تێگەیشتووەکانی سەردەمی خۆی.
کاکە زیاد زۆر ڕێزی لە خوێندەواران و ڕۆشنبیران دەگرت و یارمەتیی خوێندکارانی دەدا بۆ تەواوکردنی خوێندن. سەرەتای چالاکییە سیاسییەکانی کاکە زیاد ساڵی 1933 دەستی پێ کرد. ئەو ساڵە هاوڕێ لەگەڵ سابیر ئیسماعیل و زەکی ئەحمەد هەناری و مستەفا خۆشناو و چەند تێکۆشەرێکی تردا (کۆمەڵەی موتەنەویرین) یان دامەزراند کە بوو بە ئامرازێک بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. سەرەتای چلەکانیش کاکە زیاد ڕۆڵێکی گرنگی بینی لەحزبی (هیوا)دا و دواتریش لە حزبی (ڕزگاری) دا وەک فیداکارێکی گەورە ناوی دەرکرد. ئەم تێکۆشەرە هاوکارییەکی زۆری کۆماری #مەهاباد#ی کرد و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەددا هەبوو.
ساڵی 1944یش کە #پارتی دیموکراتی کوردستان# دامەزرا، لە کۆنگرەی یەکەمدا کرابە جێگری سەرۆکی پارتی.
ساڵی 1947 لە پەڕڵەمانی ئێراقیدا بوو بەنوێنەری ناوچەی کۆیە. کاکە زیاد هەمیشە لە ڕیزی نیشتمانپەروەراندا بووە و لە تەواوی خۆپیشاندان و چالاکییە جەماوەرییەکاندا ڕۆڵی پێشەنگی بینیوە.
ساڵی 1961 لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلولدا، کاکە زیاد پەیوەندی کرد بە شۆڕشەوە و تا ساڵی 1975 بە بەردەوامی لە خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی دا بوو.
دوای هەرەس هێنانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975دا کاکە زیاد وازی لە چالاکی سیاسی هێنا و لە بەغدا نیشتەجێ بوو.
ساڵی 1991 کە کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کورد دەستی پێ کرد کاکە زیادیش لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی ئێران بوو. ئەم گەورە پیاوەی کورد ڕۆژی#12-04-1991# لە شاری (#نەغەدە#) کۆچی دوایی کرد.
زانیاری زیاتر لەسەر کاکەزیاد ئاغای کۆیە لە (شێروان کاکە زیاد ئاغای کۆیە) وەرگیراوە:
کاکە زیاد ئاغای کۆیە
کاکە زیادی کوڕی حەمە ئاغای گەورە ساڵی 1914 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، لە تەمەنی (6) شەش ساڵیدا هەتیوکەوت و باوکی حەمە ئاغای گەورەی کۆیە کۆچی دواییکرد، لەجێی باوکی سەرپەرشتی دیوەخان و عەشیرەتی کەوتە ئەستۆ، خوشکەکەی (حەلیمەخانی حەمەئاغای گەورە) ماوەیەک سەرپەرشتیاری دەکات، تاوەکوو لە تەمەنی (16) ساڵیدا لە ساڵی (1930) دا (خیریەخان کچی کەریم ئاغای حەوێزی) دەخوازێت، لە ساڵی (1931) پاڵپشتی خۆی بۆ شۆڕشەکەی شێخ ئەحمەدی بارزان دەربڕیووە،
ساڵی (1932) لە دامەزراندنی (کۆمەڵەی منەورین) بەشداریکردووە،
ساڵی (1939) هاوسەرگیری لەگەڵ خاتونێکی تر بەناوی (دلارام خاتون کچی شێخ بابەعەلی بەرزنجی) ، هەر لەو ساڵەدا دەبێتە (حزبی هیوا).
ساڵی (1942) پەیوەندی بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە دەکات.
لە ساڵی (1943) لەگەڵ گەڕانەوەی بارزانی بۆ کوردستان پشتیووانی و هاوکاری خۆی بۆ دەربڕیووە.
ساڵی (1946) پەیوەندی بە سەرۆک هۆز و تیرەکانی باشوور دەکات بۆ کۆمەک و هاوکاریکردنی کۆماری کوردستان.
هەر لە ساڵی (1946) دا دەبیتە جێگری دووەمی #مەلا مستەفا بارزانی# لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە جێگری یەکەم (#شێخ لەتیف شێخ مەحمود# حەفید) بووە،
ساڵی (1947) بۆ پەڕڵەمانی ئێراق وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، دوای ڕووخانی کۆماری #مەهاباد# و ئاوارەبوونی بارزانییەکان (200) خێزانی بارزانییەکان لەلای کاکەزیاد ئاغای کۆیەوە لە گوندەکانی خۆی لە بناری چیای کۆسرەت داڵدەدەدرێن، لە ڕاپەڕینی (1948) گەلانی ئێراق دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لەپەڕڵەمانی ئێراق ڕادەگەیەنێت وەکوو سەرکۆنەکردنی پەیماننامەی پۆرتسمۆس.
لە 03-10-1959 کۆنگرەی (4) ی پارتی لە ماڵی کاکە زیاد لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی (120) ئەندام بەسەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەڕیوەچووە.
تا ساڵی (1970) بەشداری هەموو کۆنگرەکانی پارتی کردووە، لە ساڵی (1961) دەستگیر دەکرێت دەبردرێتە (کوت) تاوەکوو ساڵی (1963) ئازاد دەکرێت.
لە (06-04-1963) مەلا مستەفای بارزانی بۆ ماوەی (18) ڕۆژ میوانی کاکە زیاد ئاغای کۆیە دەبێت، لەنێوان ئەو بەروارە کۆنگرەی نەتەوەیی و جەماوەری بەسەرپەرشتی بارزانی بۆ نوێنەری هەرچوار پارچەی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لە دوای ئەو کۆنگرەیە هەر لە ساڵی (1963) کۆشکەکەی لەلایەن دەوڵەتی ئێراقەوە دەسوتێنرێت و بۆ ماوەیەک دەچێتە (#خدران#).
ساڵی (1964) ئەندامی ئەنجوومەنی تەنفیزی پارتی دیموکراتی کوردستان.
کاکە زیاد ئاغای کۆیە بەشداری هەموو دانووستانەکانی سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی کردووە لە (کۆیە، #سلێمانی#، #ماوەت#، باڵەکایەتی، قەسرو#ماکۆ#سان، #ڕانیە#، خۆشناوەتی، #گەڵاڵە#، #ناوپردان#) ، دوای نسکۆی شۆڕش ساڵی1975 ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت و لە شاری مەهاباد نیشتەجێ دەبێت.
ساڵی1976 بەزۆرەملێ دەگەڕێنرێنەوە ئێراق و بەناچاری لە (بەغدا) نیشتەجێ دەبێت، خاوەنی (9) کوڕ و (4) کچە، لە کۆچڕەوەکەی بەهاری 1991دا لە (12-04-1991) لە شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی (77) ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و بەکاتی لە گۆڕستانی (نەغەدە) دەنێژرێت و دواتر لە مانگی (8) ی 1991 ڕووفاتەکەی دەگوازرێتەوە بۆ زێدی خۆی شاری کۆیە و #مەسعود بارزانی# سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لێ دەکات و لە گۆڕستانی #کەکۆن# بەخاک سپێرراەوە.
#ڕاجی# شاعیر لەسەر کاکە زیاد ئاغای کۆیە ئەو هەڵبەستەی وتووە:
دونیا پڕی جوود و هونەری کاکە زیادە
گەنجینە، هەموو جیلوەگەری کاکە زیادە
گەنجێکی وەتەنپەروەر و سوڵتانە لە کۆیە
مەردی و ئەدەبیش بەهرەوەری کاکە زیادە
فەرش بەری پێی عەردە بە مافوری گیاوگۆڵ
شۆخێکە، سەما چەتری سەری کاکە زیادە
تیژاوی ژیانی گەلە، دەستووری هەموو هۆز
شیرین لەبی هیوا شەکەری کاکە زیادە [2]