ساڵی 1977 لە شاری مەهاباد لەدایکبووە
ساڵی 1984 باوکی بەهۆی چالاکی دژ بە دەوڵەتی ئێران لە تاران لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی کوردی لەسێدارە دەدرێن و تەرمەکەی هەرگیز نابیننەوە.
ساڵی 1994 دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆک کردووە و ساڵێک دواتر بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبی شاری مەهاباد.
ساڵی 1997 تا 1999 لە ئەنجوومەنی سینەمای جەوانان لقی مەهاباد و "موسسە دانشگاهی ڕسام هنر" لە بواری فۆتۆگرافی، دیزاینی دیمەنی فیلم، نووسینی سێناریۆ و دەرهێنانی فیلم پەروەردەی دیتووە
لە ساڵەکانی 2000، 2003 و 2006 بە تاوانی چالاکی لە سیاسی لە وێنەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و نووسراوەکانی دژ بە دەوڵەت زیندانی و شکەنجە کراوە و دواترین جار ماوەی 19 ڕۆژ بڕیاری مانگرتن دەدات لە خواردن لە زیندان.
یەکەمین کورتە فیلمی خۆی بەناوی "سنوورە نادیارەکان" لە ساڵی 2004 بەرهەمهێناوە. دوویەمین فیلمی کورت بەناوی "ئەو ژیانەی هی من نییە" لە ساڵی 2005 بەرهەم هاتووە. ساڵی 2007 وەک یارمەتیدەر و فۆتۆگرافی پشت سەحنە، لە فیلمی "ئەستێرەکان لە ڕۆژدا بێ ڕەنگن" لە بەرهەمی شیرین جیهاندا بەشداری کردووە.
ساڵی 2008 بەهۆی ڕێپێوانێک کە بۆ ئازادی فەرزاد کەمانگەر لە شاری مەهاباد دەکرێت، هێرش دەکرێتە سەر ماڵی جیهانی و ناوبراو کە شوێنی گۆڕیوە ناکەوێتە دەستی هێزەکانی دەوڵەت و بەناچاری وڵات بەجێدەهێڵێت و تائێستا لە وڵاتی سوێد دەژی.