ئەم وێنەیە لە هاوینی ساڵی 1946 دا هەڵگیراوە.ئەوانەی تائێستاناسراونەتەوە: ڕیزی دوویەم لە ڕاستەوە بۆچەپ: نەفەری سێیەم مەجیدی وەلیزادە،نەفەری چوارەم سەیدعەزیزی شەمزینی،نەفەری پێنجەم عەلی گەلاوێژ،نەفەری شەشەم قادری مەحمود زادە
تکایە حەول بدەن بۆ ناسینەوەی ئەوانی دیش
تێبینی : ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە کتێبی: " نگاهی بە تاریخ مهاباد، سەید محەمەدی سەمەدی" وەرگیراوە
لە نێو ئەو خوێندکارانەی وا لەلایەن کۆماری کوردستانەوە نێردران بۆ ئازەربایجانی شووڕەوی، هەر سەید عەزیزی شەمزینی پەروەردەی فەرمی نیزامی هەبوو و لە ئەڕتەشی عێراق لە ساڵی 1943 پلەی "کاپیتان" ی وەرگرتبوو. لە ساڵی 1945 ئەڕتەشی عێراقی بە تەواوی بە جێهێشت و لە تەک ئەفسەرە کوردە کانی دیکەی ئەندامی "حیزبی هیوا" لە گەڵ بزووتنەوەی بارزانی کەوت. سەید عەزیز و زۆر لە ئەفسەرە کوردەکانی دیکە دوای هێرشی بەربڵاوی حکوومەتی عێراق بۆ سەر بزووتنەوەی بارزان ناچار مان بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاشە کشە بکەن و دوای ماوەیەکی کورت لە گەڵ کۆماری کوردستان کەوتن. مەلا مستەفای بارزانی، هێزی بارزانیان و ئەفسەرانی وەکوو میرحاج ئەحمەد ئاکرەیی، مستەفا خۆشناو،بەکر عەبدولکەریم و عێزەت عەبدولعەزیز دەورێکی گرینگیان هەبوو لە بواری ڕێکخستنی نیزامی و بەرەکانی شەڕی هەمبەر حکوومەتی ناوەندی ئێران.
لە ڕۆژی 2ی ڕێبەندان ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار سەید عەزیزی شەمزینی یەک لەو کەسانە بوو لە مەیدانی چوارچرا قسەیان کرد. سەید عەزیز لەداخوازینامەیەک دا کە دواتر بۆ وەرگرتن لە خوێندنگەی بەرزی سیاسی بۆ کاربەدستانی شووڕەوی بەرز کردووەتەوە دەڵێ لە 20 – 8 – 1324ی هەتاوی لە گەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان (کۆماری کوردستان) کەوتووە.