شاری ڕۆشنبیری
لایەنێک هەیە کە لە ژیانی شاری سلێمانیدا ناتوانرێت هەرگیز فەرامۆش بکرێت ئەویش ژیانی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە، کە باخچەیەکی گەورەی لەو بوارەدا پێشکەش بە مێژووی ڕۆشنبیری کوردستان کردووە، هەموو ئەو بەرفراوانییەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی هەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و ڕۆڵی مزگەوت و حوجرەش کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان نالی و سالم و کوردی قوتابحانەی شیعری بابان دروستدەکەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەلێک دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆماندا نەمابێت ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی ئەمڕۆمان ئەوا هەر بەرپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت هەر ئەو زارەیە، کەس نییە بتوانێ نالی و سالم و کوردی و مەولانا خالید و مەلا عەبدوڵلای بێتوشی و شێخ مارفی نۆدێی و سەید ئەحمەدی نەقیب و شێخ حسێنی قازی و حاجی مەلا ئەحمەدی دێلێژەو محەمەد فەیزی زەهاوی و جەمیل سدقی زەهاوی و مەلا ساڵحی حەریق و ساڵح ئەفەندی ئاهی و تایەر بەگی جاف و وەلی دێوانە و عەلی بەردەشانی و زێوەر مەلا عەبدوڵلا و ئەحمەد موختار جاف و مەلا عەزیزی موفتی و پیرەمێرد و بێخود و جەمال عیرفان و چەندین نووسەر و شاعیری دوای ساڵی پەنجاکان لە یاد بکات، هەرچەندە هەندێک لەمانە لە نێویەکدا بەهۆی تەسەوفەوە ناکۆکیان لە نێواندا هەبووە کە دیارترینیان شێخ مارفی نۆدێ کە بووە دوژمنی سەرسەختی مەولانا خالید. ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی تێیدا پێشەنگە و هەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە ڕۆڵی بەرچاویان لە بزوتنەوەی کوردایەتیشدا هەبووە و بونەتە داینەمۆی شۆڕشەکان، ناشکرێت لەسایەی ئەم بوارە فراوانەدا ئەوە لەیاد کەین یەکەم چاپخانە کە لە کوردستان کەوتبێتەکار لە سلێمانی بووە، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەرچووبێت هەر لەسلێمانی بووە.