یەکەم گرووپی مۆزیک لە #سلێمانی# لە ساڵی 1926 دامەزرا و لە 18عازف پێکهاتبوون، ئەوئامێرانەی هەیان بوو بەپارەی شانۆگەریی (نیرۆن) کڕیبویان کە لەلایەن قوتابییانی قوتابخانەی ئەوەڵەوە لە ماڵی شێخ باباعەلی لە ساڵی 1926 لەلایەن (کەریم زانستی و فوئاد ئەفەندی و یەحیا ئەفەندی) یەوە پێشکەشکرا. جا ناوی هەندێک لە عازفەکانی ئەو تیپە مۆزیکە ئەمانەبوون: شاکر فەتاح، عەلی عارفاغا، پترۆس ئەسکەندەر، فوئاد ساڵح قەفتان..هتد، ئەم گرووپەش بەسەرپەرشتی مامۆستایان عەبدول واحید نووری و فوئاد ڕەشید بەکر بوو. زیاتر لەکاتی ئاهەنگی قوتابییان و دیدەوانی وئیستعرازدا بەکار ئەهێنرا. پاشانیش لە چەند قوتابخانەیەکی وەک (فەیسلییەی سەرەتایی) و (ناوەندی سلێمانی) گرووپی مۆزیک درووست بوون.لەمەشدا ڕۆڵی برا ئەرمەنی و کریستیانەکان لەبیرناکرێت وەک (پەتراکی قوستاکی وسەرگیس سیمۆن و ڕۆبین ئۆفیک و ئسگیفان) . لە ساڵی 1947 لەسەر ڕاسپاردەی (حەناپترۆس) کە سەرۆکی یەکەم تیپی ئۆرکسترای ئێراق بووە یەکەم خولی فێربوونی هونەری مۆزیک لە سلێمانیدا کرایەوە.بەڵام یەکەم تیپی مۆزیک کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو و تۆکمە بێت لە کوردستاندا، تیپی (مۆسیقای مەولەوی) ە کە لە ساڵی 1955 دامەزرا لەلایەن: #قادر دیلان# ، قادر کوردی، ولیەم یوحنا، نەجاتی عەبدە..هتد، کە ئاهەنگیان بۆ: سێوە، ڕەشۆل، #شەماڵ سائیب# ، #ڕەفیق چالاک# ، #تاهیر تۆفیق# ، #حەسەن زیرەک# ، #محەمەدی ماملێ# ، #عەلی مەردان# ، #فوئاد ئەحمەد# ، #قادر کابان# ..هتد سازداوە.
هەروەها لەساڵەکانی1962 بۆ 1963 #ئەنوەر قەرەداغی# و محەمەد حسێن و فرنسیس داود و خالید سەرکار و هاتنە تیپی مۆسیقای خانەی مامۆستایان، ئەمە هاندەر بوو بۆدرووستکردنی تیپی مۆسیقای سلێمانی لە ساڵی 1967دا، پاشان تیپی مۆسیقای سەر بەکۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی لقی سلێمانی دامەزرا. هەروەها ساڵی 1972 بەرابەری ئەنوەر قەرەداغی تیپی مۆسیقای زانکۆی سلێمانی دامەزرا. هەروەها ساڵی 1975 لە قوتابخانەی ئامادەیی کچان تیپێکی مۆسیقای ژنان دامەزرا....