بورهان حاجی محەمەد عەبدولڕەحمان کە نازناوی جاهید بووە، شاعیرێکی دیارو ناسراوی کوردستانە و بەشیعرەکانی خزمەتێکی زۆری بەئەدەب و ڕوناکبیری کوردی کردووە.
جاهید ساڵی 1918 لەئامێزی بنەماڵەی ناوداری دۆغرەمەچیی هۆزی جافی مورادی لەگەڕەکی سەرای قەڵای هەولێر لەدایک بووە.
بنەماڵەی دۆغرەمەچی بنەماڵەیەکی دێرین و ناسراوی شاری هەولێرن و چەندین کەسایەتیی سیاسی و ڕوناکبیری و ئیداری و کۆمەڵایەتیان تێدا هەڵکەوتووە و خزمەتێکی زۆریان بەشاری هەولێر کردووە. وشەی (دۆغرەمەچی)یش بەمانای دارتاشی و دروستکردنی نەخش و نیگاری سەر کەلوپەلی تەختە دێت.
بەحوکمی ئەوەی جاهید لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و ئەدەبدۆستدا گەورە بوو، هەر زوو خولیای دنیای ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی بوو.لەتەمەنی 14 ساڵییەوە شیعری نوسیوە و لەژێر کاریگەری شیعرەکانی شاعیرانی وەک جەبار ئاغای کانی مامی و نامق کەمال و هیجری دەدەدا بووە.
ئەم شاعیرە بەزمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی شیعری هۆنیوەتەوە و سێ دیوانی بەناوی چوارینەکانی جاهیدەوە بەزمانی کوردی چاپکراوە.جاهید وەک فەرمانبەری میریش خزمەتی کردووە و کارمەندی کتێبخانەی گشتی عنکاوە بووە.بەداخەوە ئەم شاعیرە گەورەیە 25 ساڵ لەمەوبەرو لە 22ی کانونی دووەمی ساڵی 1991 بەیەکجاری ماڵئاوایی لەژیان کرد، بەڵام هەر بەنەمری ئەمێنێتەوە و شیعرەکانی یادگاری جوان و زیندوون.درود بۆ گیانی پاکی بورهان جاهیدی شاعیر و ڕوناکبیر.
حەیفە ئەم گیانە بڕژێ بێ سەمەر
خۆم موبتەلا کەم بەدەرد و کەسەر
مردن جارێکە بابەمەردی بێ
سەرشۆڕ نەبم لای دۆست و برادەر
ئامادەکردنی :خەلیل عەبدولڵا