ناوی تەواو (محەمەد قادر محێدین) ە، ڕۆژی #20-07-1946# لە گەڕەکی #گۆیژە#ی شاری #سلێمانی#دا هاتوومەتە دنیاوە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دوای ناوەندیم لەو شارە سەربەرزەدا تەواوکردووە، لە ساڵی 1971 دا بەشی کارەبام لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی تەکنەلۆجیای بەغداد تەواوکردووە. هەر لەو ساڵەدا لە کارگەی شەکری سلێمانیدا دامەزراوم، لە ساڵی 1987 دا و پاش داخستنی کارگەی ناوبراو گوێزراومەتەوە بۆ کارگەی جگەرە و پوختەکردنی تووتن، پاشان لە ساڵی 1993 دا و بۆ شکاندنی تەوقی گەمارۆی ئابوری سەر کوردستان، لە لایەن پرۆژە تایبەتییەکانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە دەستنیشانکراوم بۆ ئەندامییەتی لیژنەیەک بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی خۆماڵی بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو لە ناو کارگەی شەکردا بە توانای حەوت هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەشێکی سەرەکی ئەو پاڵاوگەیە لە لایەن بەندەوە نەخشەی بۆ کێشراوە و سەرپەرشتی دانان و دامەزراندنی کراوە. ئەمڕۆ ئەو پڕۆژەیە بۆتە جێگای شانازی میللەتەکەمان. لە کۆتایی ساڵی 1996 دا وەک پەنابەرێک لە وڵاتی یوتای ئەمەریکادا گیرساومەتەوە، دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و لە ساڵی 2004 دا گەڕاومەتەوە بۆ کوردستان و لە دەزگای گشتی پڕۆژە تایبەتییەکاندا و تا هەڵوەشاندنەوە ئەو دەزگایە درێژەم بە کارەکانم داوە.
لە سەرەتای ساڵی 1967 دا پەیوەندیم بە ڕیزەکانی (کاژیک) وە کردووە و تا ساڵی 1975 لەو ڕێکخراوەدا ئەندامبووم، لە ساڵی 1974 دا پەیوەندیم بە شۆرشی ئەیلولەوە کردووە و تا هەرسی ئەو شۆڕشە لە هێزی ئەزمڕدا پێشمەرگە بووم.
لە ساڵی 1976 دا ژیانی هاوسەریم پێکهێناوە و خاوەنی سێ گوڵی بۆنخۆشم بەم ناوانە : (هێشوو، بلور، بەیار)... هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوەی کوردی بووم، وانەی کوردی خۆشترین وانە بووە لە لام، هەر ئەم خولیایە کارێکی وایکردووە ناوە ناوە لا لە نووسین بکەمەوە و لە زوربەی زۆری گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا نووسینەکانم بڵاوبکەمەوە. یەکەم بەرهەمم بریتیبوو لە هۆنراوەیەک لە ژێر ناوی (هەڵۆی کورد) دا، کە لە ڕۆژنامەی #هاوکاری# ژمارە (41) ی ڕۆژی (#17-10-1970#) دا بڵاوکراوەتەوە، پاشان لە هۆنراوە دوور کەوتوومەتەوە و زیاتر گرنگیم بە بابەتی زانستی داوە و تا ئێستا نزیکەی 100 وتارم لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردۆتەوە. ئەوەی شایانی باسە تا ساڵی 1996 نووسینەکانم بە ناوی (ئەندازیار : حەمە قادر) ەوە بڵاوکردۆتەوە و لە دوای ئەو ساڵەشەوە بە ناوی (محەمەد بەرزی) یەوە. شان بە شانی ئەو نووسینانەش حەوت کتێبی چاپکراوم هەیە، کە بریتیین لە دوو کتێبی زانستی بە ناوی : (وزەی خۆر و کوڵێنەری هەڵم) و پێنج کتێبیش بۆ منداڵان بەم ناوانە : (ناسک و ورچەکە، بازن، مریەم، خۆزگە، بەرخەکەی لانە)، کە بریتین لە 54 هۆنراوە و چەندین چیرۆک، کە زوربەیان لە ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی. ئێستاش لە ئەمەریکادا دەژیم.
بەرهەمەکانم بۆ مناڵان کە هۆنراوە و چیرۆکن:
1- ناسک و ورچەکە
2- بازن
3- مریەم
4- خۆزگە
5- بەرخەکەی لانە.
بەرهەمە زانستییەکانم:
1- وزەی خۆر
2- کوڵێنەری هەڵم
[1]