بەناوی خوای گەوره و میهرەبان
ئامادەبووانی خۆشەویست...
کەسوکاری سەربەزری شەهیدان...
40 ڕۆژ لەمەوبەر و لەکاتی بەرگری کردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تیرۆرستانی داعش بە ئامانجی پاراستنی ژیان و ماڵی هاووڵاتیان، پۆلێک پێشمەرگەی قارەمان گیانی خۆیان کردە قوربانی خاک و نیشتمان و چوونە کاروانی نەمری شەهیدان و هەر لەم نەبەردییەدا لیوا حسێن مەنسوور و پۆلێک پێشمەرگەی تری قارەمان بوونە بەربەستی بەردەم هێرشەکان و نەیانهێشت خەونی گڵاوی تیرۆرستان بێتەدی.
خانەوادەی شەهید لیوا حسێن مەنسوور
لیوا حسێن مەنسوور یەکێک بوو له و فەرماندە ئازاو چاونەترسانەی لە سەرەتای جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئازایانە مەیدانی جەنگی چۆڵ نەکرد و هەمیشە وەک قارەمانێکی مەیدانی بەرگری لە خاک و نیشتمان دەکرد، تا دواجار لە کەرکووکی پیرۆز گیانی بەخشی و چووە کاروانی نەمرانەوه و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان له و سنوورە سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکردو بەم سەرکەوتنە ڕۆحی سەرجەم شەهیدانیان شاد کردو بە دوژمنانی گەلەکەمانیان وت تا ئێمە مابین لە بستێک خاکی کوردستان جێگاتان نابێتەوه و بە خوێن و گیان بەرگری لە کوردستان دەکەین.
نەمری و سەربەرزی بۆ گشت شەهیدانی کوردستان.
بژی پێشمەرگە، بژی کوردستان...
کۆسرەت ڕەسول عەلی
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان