هاونیشتمانە بەڕێزەکان!
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
ئەندامان، دۆستانو لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان!
70 ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (25ی گەلاوێژی 1324) حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەسەر دەستی ڕۆڵەی هەڵکەوتووی نەتەوەی کورد پێشەوا قازی محەممەدی نەمر دامەزرا بۆئەوەی بە شانازییەوە ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بخاتە سەر شانی ڕۆڵەکانیو نەوە لە دوای نەوە بە دەستی کۆمەڵێک لە فیداکارترین تێکۆشەرانی ئەم بەشە له کوردستانی بسپێرێ. لەوساوە تائێستا ئەم حیزبە سەرەڕای هەموو کەندوکۆسپەکانی سەر ڕێگا، بە لێوەشاوەیی ئەرکی شۆرشگێڕانەی خۆی بە ئەنجام گەیاندوەو نەیهێشتوە ئاڵای خەباتی ئەم گەلە بکەوێتە سەر زەوی.
ئەگەر بمانەوێ بۆ ڕەمزی مانەوەو بەردەوامیی ئەم حیزبە لە مەیدانی بەربەرەکانیی پڕقوربانیی تێکۆشاندا بڕوانین پێش هەموو شتێک چەند هۆی سەرەکی خۆیان دەنوێنن: یەکەم،ئەوە کە پێشەواو هاوڕێکانی بە لێزانیو شارەزایی ئامانجەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان لە بەرنامەی حیزبی دێموکڕاتدا گەڵاڵە کردوە، بەجۆرێک کە پاش تێپەڕینی نزیک بە سێچارەکە سەدەش هێشتا لە هێڵە گشتییەکاندا ئامانجی هەموو چینوتوێژە نیشتمانییەکانی کۆمەڵی کوردەواریی تێدا بەدی دەکرێ. دووەم، ئەوە کە هەر بەوهۆیەی سەرەوە حیزبی هەموو خەڵکی کوردستان بووەو هەموو جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵ خۆیانو ئامانجەکانیان لەم حیزبەو بەرنامەی ئەم حیزبەدا دیتۆتەوەو هەربۆیەش لە هەموو بارێکەوە لە پشتی وەستاون. سێیەم، ئەوە کە له درێژەی ڕێگادا ئەم حیزبە لە هەڵبژاردنی دروشمەکانی خەباتو دەستنیشانکردنی دۆستانو دوژمنانیدا وردو واقیعبین بووە. سەرەنجامیش ئەوە کە تێکۆشەرانی دێموکڕات له دژوارییەکانی سەر ڕێگای خەبات نەپرینگاونەوەو “کەندوکۆسپ هەنگاوی پێ شل نەکردوون”.
حیزبی ئێمە لەو ڕێبازە دوورودرێژو پڕهەورازو نشێوەدا سەرکەوتنی گەورەی تاقی کردوونەوەو نوشوستیی تاڵیشی تووش هاتوون: گرنگترین ڕووداوی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد (دامەزرانی کۆماری کوردستان) لەسەر دەستی ئەم حیزبە پێکهاتوەو بەناوی ئەم حیزبەوە تۆمار کراوە، له بەرامبەردا ڕووخانی کۆشکی هیوای کوردی هاتۆتە سەر ڕێو سەری سەردارانی بەسەر سێدارەوە دیوە. چەندجار کەوتۆتە بەر هێرشی بەربڵاوی پۆلیسو بەسەدان خەباتگێڕی ڕیزەکانی کەوتوونە بەندیخانەو حوکمی زیندانی درێژخایەنو تەنانەت ئیعدامیان بەسەردا سەپاوەو سەدانی دیکەیان پەڕیوەی هەندران بوونو ژیانی ئاوارەیییان بەسەردا سەپاوه. بەو حاڵە لە یەکێک لە ڕەشترین دەورانەکانی حکوومەتی دیکتاتۆریدا گۆمێ مەندی “جزیرەی ئارام”ی حەمەڕەزاشای شڵەقاندوەو بانگی “ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کوردزمان”ی بەگوێی بێ خەبەراندا داوە. چەندجار تووشی لێکدابڕان هاتوەو لەبەرامبەردا ڕووداوی وەک “وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکڕات”ی تۆمار کردوە.
بەکورتی ئەم حیزبە سەرکەوتنو تێشکانی زۆری دیون. بەڵام نە لەسەرکەوتندا لەخۆ بایی بووەو نە لە نوشوستیدا چۆکی داداوەو تووشی بێهیوایی هاتوە، هەر سەرکەوتنو پێشکەوتنێکی کردۆتە پردەبازی سەرکەوتنێکی دیکەو لە هەر تێشکانێک دەرسێکی خەباتگێڕانەی وەرگرتوە.
گەلی ئازادیخوازی کورد!
ئەو دەسکەوتانە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێڕەوی 70ساڵەی ژیانی خەباتگێڕانەی خۆیدا بەدەستی هێناون، بەرهەمی ڕەنجو تێکۆشانی تەنیا کۆمەڵێکو گرووپێک نین. هەرچەند بەڕواڵەت لە بەشی زۆریاندا ڕێبەریو کادرو ئەندامو فەرماندەرو پێشمەرگە فیداکارەکان خاوەندارییان لێدەکەن، بەڵام ئەو شانازییانە به هەوڵو هیممەتی چینوتوێژو دەستەو گرووپی جۆراوجۆری کۆمەڵی کوردەواری بەدەست هاتوون. ئەو زیندانییانە کە بەشێکی زۆر لە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە چاڵەڕەشەکانی دوو ڕێژیمی پیاوکوژی پادشایەتیو ئاخوندیدا بەسەر بردوە، ئەو کەسوکارانەی شەهیدانو زیندانییانی سیاسی که ڕەنجی دووریو تەنانەت لەدەستدانی ئازیزانیان قبووڵ کردوە، بەڵام قەت بەچۆکدا نەهاتوونو ڕێگایان نەداوە دوژمنانی ئازادی هەست بە سەرکەوتن بکەن، ئەوانە کە یەک یان چەند ئەندامی لەشیان لە مەیدانی بەربەرەکانیی چەکدارانە یان لەژێر ئەشکەنجەدا لەدەست داوە، ئەوانە کە “لەسەر وەتەن بێوەتەن بوون”و ڕەنجی دووروڵاتی دەچێژن بەڵام قەت له یادو غەمی گەلو نیشتمانەکەیان غافڵ نەبوون، ئەو ژنە تێکۆشەرانە کە سەرباری بەشی خۆیان لە خەبات بەشێک له ئەرکی خەباتگێڕانەی پیاوەکانیشیان گرتۆتە ئەستۆ، ئەو مامۆستا ئایینییە نیشتمانپەروەرانە کە له تاڵترین ساڵەکانی زەبروزەنگدا خۆیان ئەرکی حیزبییان بەڕێوە بردوەو حوجرەو مزگەوتەکانیان کردۆتە قوتابخانەی پێگەیاندنی ڕۆڵەی بەجەرگی مەیدانی خەباتو بەکورتی هەموو ئەوانەی لە هەر ڕێگایەکەوە کۆمەگیان بە بەرەوپێشچوونی ئەم کاروانی سەروەرییە کردوە، هەرکامیان خاوەنی بەشێک لە شانازییەکانی مێژووی حیزبی دێموکڕاتن.
هاوڕێیانی خۆشەویست!
حیزبەکەتان حیزبی دێموکراتی کوردستان خاوەنی زۆر شێوازو نەریتی خەباتگێڕانە بووەو هەیە کە له ڕابردوودا بوونە مایەی ڕێزو ئیعتیباری ئەم حیزبەو درێژەدانیان لە تێکۆشانی لەمەودواشماندا دەتوانێ کۆمەک بە چوونەسەری جێگەوپێگەی حیزبو سەرەنجام سەرکەوتنی ڕێڕەوی خەباتە ڕەواکەی بکا:
حیزب هیچوەخت شێوەیەکی تایبەتی لە خەباتی بە تاقەڕێگا دانەناوەو ڕێزێکی زۆری بۆ خەباتی شارستانی داناوە، تێکۆشانی فکریو سیاسیو کۆمەڵایەتی بەتایبەتی نەخشی ڕووناکبیرانی بە ئەڵقەیەکی گرنگی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان زانیوە. حیزب پێی وا بووە چووکترین پاشەکشە بە ڕێژیمی دەسەڵاتدارو بەدەستهێنانی هەر داخوازێکی خەڵک بڕینی قۆناغێک لە خەباتە درێژخایەنەکەمانە.
ئەم حیزبە هەمیشە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کوردو تەنانەت چارەسەری هەموو گیروگرفتە ناوچەییو نێونەتەوەیییەکان لەڕێگای ئاشتیخوازانەوە هەبووه. بەڵام هەرکات لەلایەن حکوومەتە سەرکوتکەرەکانەوە خەباتی چەکدارانەی بەسەردا سەپابێ قارەمانانە بەرگریی لە مافو ئازادییەکانی کورد کردوەو لەبەرامبەر زۆرو ملهوڕیدا تەسلیم نە بووە.
دەگەڵ ئەوەی هەمیشە باوەڕی به مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد هەبووە، واقیعبینانە هەلومەرجی خەباتی نەتەوەکەی خۆی هەڵسەنگاندوەو دروشمی چارەسەری مەسەلەی کورد له چوارچێوەی ئێراندا (خودموختاری یان فیدڕالیزم)ی هەڵگرتوە.
زانیویەتی کە بۆ بەدەستهێنانی مافو ئازادییەکانی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا پێویستیی بە هاوخەباتی دەگەڵ گەلانی دیکەی ئێرانو ڕێکخراوە سیاسییەکانیان هەیەو لەو ڕێگایەدا هەوڵێکی زۆری بۆ لێکنزیکبوونەوەو تەنانەت هاوپەیمانی دەگەڵ حیزبو ڕێکخراوە سەرانسەریو ناوچەیییەکانی ئێران داوە.
ئەم حیزبە هەمیشە باوەڕی بەوە هەبووە کە کورد نەتەوەیەکەو لەنێو چەند وڵاتدا دابەش کراوە. بۆیە لە هەموو دەرفەتێکدا هەوڵی هاوکاریو هاودەردی دەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستانی داوەو بەتایبەتی دەگەڵ باشووری کوردستان زۆر لاپەڕەی زێڕینی مێژوویی لەو بوارەدا تۆمار کردوون.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کۆنەوە بایەخێکی شیاوی بە دیپڵۆماسیو هەوڵی ناساندنی مەسەلەی کورد بەدنیاو ڕاکێشانی پشتیوانیی نێونەتەوەیی بۆ لای مەسەلەی کورد داوەو لەو ڕێگایەدا سەرکەوتنی باشیشی بەدەست هێناوە. لەبیرمانە کە یەکەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی لەسەر مەسەلەی کورد له پاریس بە هەوڵو تێکۆشانی ڕێبەری شەهید دوکتۆر قاسملوو پێکهاتو لەبەر ئەوەی پێش بەسترانی کۆنفڕانسەکە تێڕۆر کرا، ئەو کۆنفڕانسە پێشکەش بە یادی وی کرا.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەگەرچی لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا خۆرهەڵاتی کوردستانو بەگشتی هەموو ئێران لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیدا کپو بێدەنگ دیارە. بەڵام بەدڵنیایی دەڵێین ئەم وەزعە ناتوانێ درێژخایەن بێ. ئەو هەورە ڕەشەی بەری ئاسمانی کوردستانو ئێرانی گرتوە سەرەنجام دەڕەوێو خۆری ئازادی لە ئاسۆی وڵاتەکەمان وەدەر دەکەوێ. حیزبی دێموکڕات بەڵێن تازە دەکاتەوە کە به ئیرادەیەکی پتەوترەوە ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجەکانی ئێوە درێژە دەدا. بۆیە هیوامان ئەوەیە وەک هەمیشە پشتی بگرن، متمانەی پێبکەنو ڕێگای پێشان بدەن. ئەم قافڵەیە بە هەوڵی هەمووان دەگاتە مەنزڵو گومانیش نیە کە نەخشی بنەڕەتی بە هەوڵو هیممەتی ئێوەیە.
له 70ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا وێرای پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستانو دۆستانو دڵسۆزانی حیزب، سڵاوی وەفاو ئەمەگداری بۆ گیانی پاکی دامەزرێنەرو پێشەوای حیزب شەهید قازی محەممەدو هەموو هاوڕێکانی دەنێرینو بەڵێن تازە دەکەینەوە کە تاسەر بە ڕێبازەکەیان وەفادار بین.
سڵاو لەگیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستانو بنەماڵە سەربەرزەکانیان.
سڵاو لە زیندانییانی سیاسی قارەمانانی بەرەنگاریو بنەماڵە فیداکارەکانیان.
سڵاو لە هەموو خەڵکی کوردستان قەڵای هەرە قایمی دێموکرات.
سەرکەوێ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانیو نەتەوەیییەکانی.
کۆمیتەی ناوەندیی
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
25ی گەلاوێژی 1394 (16ی ئووتی 2015)