خەندان- دانا تەیب مەنمی
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) داتای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی بەهەرێمی کوردستانیشەوە بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە.
ئه و هەنگاوەی سۆمۆ دوای هەفتەیەک دێت لە بانگهێشتکردنی پەیامنێرانی بواری ووزە بۆ بەغدا بە ئامانجی ئەوەی ڕونیبکاتەوە عیراق نەوتی خاوی زیاتر هەناردەدەکات له و داتایانەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) یان شرۆڤەکاران هەیانە.
دوێنێ سۆمۆ لە بەیاننامەیەکدا داتای بەرهەمهێنانی مانگی ئەیلوولی ڕابردووی ئه و 26 کێڵگە نەوتییەی کۆمپانیاکە کۆنترۆڵی دەکات لەگەڵ داتای هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
سۆمۆ لە بەیاننامەکەدا، بە پێچەوانەی مانگەکانی ڕابردووە کە تەنها یەک داتای لەخۆدەگرت، داتای سەرجەم بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و ووردەکاری بەکارهێنانی ناوخۆیی ئاشکراکردووە.
عیراق کە دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپیکە لەدوای سعودیە، ڕونیکردۆتەوە مانگی ڕابردوو ڕۆژانە زیاتر لە 4.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، ئه و داتایەش بە چەند سەد هەزارێک زیاترە له و داتایانەی چاودێرانی پیشەسازی نەوت ددانی پێدادەنێت.
ئۆپیک لەسەر بنەمای سەرچاوەی دووەمی لەوشێوەیە خەمڵاندن دەکات بۆ هەناردەکردنی هەر 14 ئەندامەکەی خۆی. بەغدا دەیەوێت ئۆپیک داتاکانی وەزارەتی نەوتی عیراق قبوڵبکات پێش کۆبونەوەی 30ی تشرینی دووەمی داهاتوو کە تیایدا ئۆپیک ڕەنگە بەرهەمهێنان بۆ ئەندامەکانی خۆی سنورداربکات.
جەبار لوعێبی، وەزیری نەوتی عیراق، لە کۆبونەوەیەکی مانگی ئەیلوولدا لە جەزائیر سکاڵاو گلەیی کرد لەبارەی داتاکانی ئۆپیک لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی عیراق. هەفتەی ڕابردوش شێوازێکی نەرمتری بەکارهێنا و بانگهێشتی پەیامنێرانی کرد بۆ بەغدا بۆ گەشتێک بۆ مۆزەخانەی نیشتیمانی و گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر داتاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق. "ئێمە دەمانەوێت ئێوە بۆخۆتان ببینن بەرهەمهێنانی ئێمە چەندە"، لوعێبی لە 23 ی ئەم مانگەدا وای ووت.
داتاکان کە لەکێڵگەکانەوە بەشێوەیەکی وورد ئامادەکراون تیشک دەخەنەسەر ئەوەی سۆمۆ چۆن بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق ئەژماردەکات. بەڵام داتاکان ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەخۆناگرێت، کە جێگای جیاوازی زۆری نێوان هەردو داتاکانی سۆمۆ و سەرچاوە لاوەکییەکانە.
رۆبین میلز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری قەمەر ئینێرجی، بە تەلەفۆن لە دوبەیەوە ڕایگەیاندووە "ئەوە هەوڵێکە بۆ شەفافییەت بۆ خستنەڕووی ژمارەکانیان، بەڵام من تەواو دڵنیانیم تا چەند کاریگەردەبێت. گەورەترین ناشەفافییەت ڕەنگە لە کێڵگە نەوتییەکانی کورددا بێت."
بەپێی سۆمۆ بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی هەرێم لە مانگی ڕابردودا ڕۆژانە تێکڕا بریتی بووە لە (546) هەزار بەرمیل. فەلاح عامری، بەرێوەبەری سۆمۆ، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو ئه و ئامارە تەنها خەمڵاندنێکە چونکە حکومەتی ناوەندی نوێترین داتای لە دەسەڵاتدارانی کورد وەرنەگرتووە.
وتیشی "سۆمۆ لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2013 و 2014 خەمڵاندنی خۆی کردووە."
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، مانگی ڕابردوو هەرێم ڕۆژانە 564 هەزارو 808 بەرمیلی هەناردەکردووە کە بۆ تەواوی مانگەکە دەکاتە 16 ملیۆن و 944 هەزارو 237 بەرمیل.
بەپێی سۆمۆ، هەردوو کێڵگەی کەرکووک و بابە گوڕ گوڕ ڕۆژانە 93 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە بۆ سۆمۆ. کێڵگەی بای حەسەن و ئاڤانەش ڕۆژانە 275 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
لە کێلگەکانی باشووری عیراقیش، کێڵگەی ڕومێلە، کە گەورەترین کێڵگەی عیراقە و لەلایەن کۆمپانیای (بی پی- BP) بەریتانییەوە بەرێوەدەبرێت، تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی بریتی بووە لە 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوت لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا. هەروەها هەردو کێڵگەی قوڕنەی ڕۆژئاوا پێکەوە 870 هەزار بەرمیل نەوتیان لەرۆژێکدا بەرهەمهێناوە لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی کێڵگەی نەوتی زوبێر بریتی بووە لە 390 هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا و بەرهەمهێنانی کێڵگەی نەوتی مەجنون بریتی بووە لە 390 هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا و هەروەها بەرهەمهێنانی کێڵگەی نەوتی حەلفایا بریتی بووە لە 204 هەزار بەرمیل لەرۆژێکدا.
- 31-10-2016