ڕۆژنیوز – دانا عومەر
لەبارەی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئارا ئیبراهیم ڕۆژنامەنوسی ئابوری ڕایدەگەیەنێت پێم وایە ئەم قەیرانانە تاوەکو ساڵی 2018 بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕەنگە ساڵی نوێ کەمێک باشتر بێت لەساڵی 2016.
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی خراپی ئابوریدا تێپەڕدەبێت، لەئەنجامی ناکۆکیەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەهۆی فرۆشتن و داهاتی نەوتەوە.
ئارا ئیبراهیم، ڕۆژنامەنوسی ئابوری و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئابوریدا له و بارەوەیە بیر و ڕای خۆی خستە ڕوو بۆ ڕۆژنیوز وتی:" بەبڕوای من ئەم دۆخە خراپەی ئابوری تاوەکو ساڵی 2018 بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕەنگە ساڵی 2017 کەمێک باشتر بێت لە ساڵی 2016، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە نرخی نەوت کەمێک بەرزبۆتەوە".
بەبۆچوونی ئارا ئیبراهیم، ڕەنگە فشارەکان وابکات کە حکومەتی هەرێم دەستکاری بڕی پاشەکەوتی موچە بکات و لە 25 هەزار بۆ 100 هەزار بۆ مووچەی موچەخۆران زیادبکرێت.
پارتی ڕێککەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ تورکیادا هەیە
لەبارەی یاسای بودجەی 2017ی عیراقەوه، ئارا وتی:"خۆی دەبوایە پێش ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2017 ی عێراق گەڵاڵە بکرایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردیەکاندا گفتوگۆی بکردایە بەڵام ئەوەی نەکرد، لەکۆتایی کارەکەدا بەیاننامەی دەرکردووە و ڕایگەیاندووە پابەند نابم پێیەوە، هۆکاری پابەند نەبوونیشی بەڕای من ئەوەیە، کە پارتی ڕێکەوتنێکی 50ساڵەی هەیە لەگەڵ تورکیادا ناتوانێت پابەند بێت بەیاسای بودجەی 2017وە".
یاسای بودجەی 2017 سودی زیاتری تێدایە بۆ کورد
ناوبراو، درێژەی بە وتەکانی داو وتی:" یاساکە جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ یاسای ساڵی 2015 و ساڵانی پێشتریشدا، بگرە سودی زیاتری تێدایە بۆ کورد بەتایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئاماژەی بۆ ناشەفافی پرسی نەوت و داهات کرد لە هەرێمی کوردستان و وتی:" لەهەرێمی کوردستاندا پرسی دارایی و پرسی نەوت شەفاف نییە، بۆیە لایەنەکانی تر پەنایان بردۆتە بەر بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، ئەگەر سەیربکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ توانیویەتی تەنها موچەی 10 مانگ بدات، بەڵام ئەگەر وردی بکەینەوە دەبینین تەنها موچەی چوار مانگی لەساڵێکدا بۆ دابین کراوە، چونکە مووچەی 10 مانگی دابین کردووە چارەکە موچە و نیو موچەی داوە".
لەبارەی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمەوه، ئارا ئیبراهیم، وتی:"حکومەتی هەرێم پێشتر هیچ کات دانی بەوەدا نەدەنا، کە 1 ترلیۆن و 20 ملیار دینار داهاتی مانگانەی هەیە، کە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەکات، ئەمە ئێمەی خستە گومانەوە، جێگای پرسیارە بۆ تاوەکو ئێستا ئەم قسەیەی نەکردووە، ئەم بڕە پارەیە ئەگەر هەبێت پارەیەکە کە بەشی موچەی هەموو فەرمانبەران دەکات و نزیکەی 245 ملیۆن دۆلاریشی زیاد دەبێت، کە دەتوانێت له و زیادەیە پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرزەکانی دیکەی بداتەوە، چونکە حکومەتی هەرێم نزیکەی 1 ملیۆن و 400 هەزار مووچەخۆری هەیە، بۆ ئەمەش پێویستی بە 725 ملیۆن دۆلار هەیە بە موچەی تەواوەوە".
" بڕوام بەو قەرزەنە نییە، کە حکومەت باسیدەکات"
ناوبراو، باوەڕی به و قەرزانە نیە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیدەکات، کە کردبێتی و پێیوایە، کە ئەوە تەنها سپیکردنەوەی پارەیە و وتی:"هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2014 پارەی له بەغداوە بۆ هاتووە و هیچ قەرزێکی نەکردووە، لەدوای ئەوەش نەوتی فرۆشتووە، داهاتی ناوخۆی هەبووە، حکومەتی هەرێم دەڵێت 20 ملیار دۆلارمان قەرزکردووە، بەڵام من بۆخۆم بڕوام بەوە نیە، ئەوەی کە هەیە هەندێک کۆمپانیای خۆیان قەرزی داوەتە حکومەت و هەندێکیش باس لەوە دەکەن، کە لەحکومەتی تورکیا 1 ملیار دۆلار قەرزکراوە، واتە هەمووی ناگاتە 3 بۆ 4 ملیار دۆلار، بۆیە من پێم وایە ئەمە بۆ سپیکردنەوی پارە و پەردەپۆشکردنی دۆسیەی گەندەڵیە".
"حکومەتی هەرێم سودمەندە لەم دۆخەی ئێستا"
لەبارەی ئەوەی کە حکومەتی هەرێم بۆچی پابەندی یاسای بودجەی ساڵی 2017ی عێراق نابێت یان بۆچی دۆخی ئابوری چارەسەرناکات ئارا ئیبراهیم، وتی:" حکومەتی هەرێم سودمەند بووە لەم دۆخە، پارەی کۆمپانیاکانی نەوت نادات، مووچەی کەمکردۆتەوە، ئێستاش بەم کەمکردنەوە مانگانە 400 ملیۆن دۆلار دیارنییە، کە کەس نازانێت دەچێت بۆکوێ دەچێتە کاسەی بنەماڵەیەکەوە یان دەچێت بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەمە پەرلەمانتارانیش باسیان کردووە".
"دەبێت ئاشتی هەورامی دادگایی بکرێت"
بەبۆچوونی ئەو ڕۆژنامەنووسە، لەپێناو چاکسازیکردن لە ئابوری هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوتدا دەبێت حزبە سیاسیەکان فشارێکی زۆر بخەنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بۆ شەفافکردنی دۆسیەی نەوت و وتیشی:" باشتر وایە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە پارتی بسەندرێتەوە هەروەها ئاشتی هەورامی بدرێتە دادگا، چونکە ئەمە کارێکی هەروا ئاسان نیە کەسێک داوای فرۆشتنی کێڵگە نەوتیەکان بکات و هەر بەوشێوەیە لێی بێدەنگ بین".
ئارا ئیبراهیم، ڕۆژنامەنووسی ئابووری، وتیشی:" پێویستە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستا-یش ئەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوونبکاتەوە، کە ئاگای لە دۆسیەی نەوتە یاخود نا، چونکە ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت خەڵک توانای بەرگەگرتنی نامێنێت".
ئارا ئیبراهیم خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئابووریدا، ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە کاری ڕۆژنامەنوسی دەکات، نزیکەی سێ ساڵ بەرپرسی لاپەڕەی ئابوری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە، ئێستا خاوەنی سایتێکی ئابوریە بەناوی برەو.
01-01-2017