بە نیگەرانیەکی قوڵەوە، ئەمڕۆ جارێکی تر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی تەقەی شەڕی نەگریسی براکوژی، ڕۆژیان کردەوە. بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە بە توندی ئیدانەی ئەم شەڕە ئەکەین. خۆشکردنی ئاگری شەڕی ناوخۆ، جگە لە خیانەتی نیشتیمانی هیچ پێناسەیەکی تری نیە، بۆیە داوا لە لایەن و هێزە ناکۆکەکان ئەکەین بە گیانێکی بەرزی نیشتیمانی و کوردانەوە دان بەخۆیاندا بگرن و، هەوڵی خاوکردنەوەی گرژیەکان بدەن. کێشەکان بە شەڕ چارەسەر نابن، بەڵکو ئەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەوەی کە بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان بە گشتی و، پێکهاتەی کوردی ئێزیدی بە تایبەت ئەیخوازێت، بڕیاری لێبدرێت. هێشتا برینی جینۆسایدی شەنگال قەتماغەی نەبەستوە تا جارێکی تر کوردانی بەشەرەفی ئەم ناوچەیە بە شەڕی کوردکوژی بریندار بکرێنەوە و، بە هۆی شەڕەوە ئاوارە ببنەوە. پێویستە هەموان لە بیری ئەوە بین چۆن ئەم ناوچەیە لە هەر مەترسیەکی دەرەکیی تر بپارێزین، نەک هێزە کوردیەکان خۆیان ببنە مەترسی بۆسەریان.
بە داخەوە ماوەیەکی زۆرە ئێمە شاهێدی ئامادەسازین بۆ شەڕی ناوخۆ لە شەنگال. هەر بۆیەش لە پەیامی سەری ساڵی 2017، ڕامانگەیاند کە هەڕ شەڕێک لە شەنگال یان لە هەر ناوچەیەکی تری کوردستان ڕو بدات، نە شەڕی کورد و هەرێمی کوردستانە، نە شەڕی هێزی پێشمەرگەیە و، پێویستە هەموان دژی بوەستینەوە. کێشەکان لە ڕێی دانوستان و ئاشتیەوە چارەسەر دەبن نەک شەڕ. پێویستە هەموان پەندیان لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ وەرگرتبێت و، لەوە تێگەیشتبن کە بە شەڕ هیج هێزێک ناتوانێت هێزەکانی تر بسڕێتەوە و، لە دەرەنجامی شەڕ هەموان دۆڕاون و، گەلەکەشمان زەرەرمەند.
لە هەمان کاتدا گواستنەوەی ململانێ ئیقلیمیەکان بۆ سەر خاکی کوردستان، هەڵەیەکی کوشندەیە و، ئەبێتە هۆی پەرت کردن و لاواز کردنی زیاتری هەرێم و، بونە پاشکۆی ئیرادەی دەوڵەتانی تر. لە بری ئەمە پێویستە هەموان بیر لە هێنانە کایەی دید و ستراتیژی هاوبەش بکەنەوە بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئاڵنگاریەکانی پاش گروپی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکە.
لەم ڕۆژە خەمناکەدا بانگی هەموان ئەکەین بۆ نەفرەت کردن لە شەڕی ناوخۆ و دژوەستانەوەی.
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
03-03-2017