لەمانگی ڕەمەزاندا خەڵک زۆر شیرینی دەخۆن، لە #هەورامان#یش خەڵک شیرینی تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن. ئەو شیرینییەی لە هەورامان دروستدەکرێت تەندروستترە لە شیرینییەکانی دیکە، چونکە لەجێگەی شەکر، شیلەی توو و لە جێگەی ڕۆنیش گوێز لە دروستکردنی بەکاردەهێنن.
شێنە ئادەم، مامۆستایە و لەبارەی دروستکردنی #شیرینی هەورامی# دەڵێ بەرهەمە خۆماڵيیەکانی وەکو گوێز، هەنجير و توو لە خواردنەکان بەکاردێنین. ئێستا وەرزی تووە بۆیە لەدروستکردنی زۆر شيرينی بەکاريدەهێنين، لەگەڵ گوێز و قەزوان تێکەڵی دەکەين و شيرينییەک دروست دەکەين پێی دەڵێين لەپاره، کە جۆرە شيرينیيەکی زۆر خۆشە.
توو، جگە لەوەی بە تەڕی و وشکی دەخورێت، دۆشاوی تووشی لێ دروستدەکرێت، کە دروستکردنی ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و کاتێکی زۆريشی پێدەچێت. لە چوار کيلۆ توو دوای کوڵاندن و خەستکردنەوەی، تەنها يەک کيلۆ دۆشاوی تووی لێدەردەچێت.
مەدينە عەبدولرەحمان، هاونيشتمانی لەبارەی دۆشاوی توو دەڵێ دوای دروستکردنی، سێ ساڵی ديکە بمێنێتەوە خراپ نابێت. هەروەها دەڵێ چونکە شيرينی دیکە هاتوون، منداڵەکان حەزيان لەوانە، بەڵام ئێمە حەزمان لەمجۆرە شيرينيانە و دەمانەوێت ئەمە مێنێتەوە.
دروستکردنی کونجی ئاسايی لای هەورامیيەکان جياوازه شێنە ئادەم جیاوازییەکەی ڕووندەکاتەوە دەڵێ بەراورد بە کونجیی بازاڕ ئێمە لە شيرينەکاندا کەم شەکر بەکاردەهێنين، لەجياتی شەکر دۆشاوی توو بەکاردەهێنين، کە هەم کەمتر شيرينە، هەم تەندروستيشە، هەروەها لەجياتی چەوری گوێز بەکاردەهێنين.
هەوراميیەکان نزيکەی 10 جۆر شيرينی تايبەت بە خۆيان هەيە، بەپێی وەرز و کاتی جياواز دروستیان دەکەن، بەڵام دەگمەنن ئه و کەسانەی ئێستا لە ژياندا ماون و دەزانن هەموو جۆرە شيرينییەکانی هەورامان دروستبکەن.