کچێکی ئاوارەی تەمەن دووساڵ کە خەڵکی #قەرەقووش#ە، لە شاری #هەولێر# لەلایەن مێردی پوورییەوە بە دڕندانەترین شێوە بەبەرد دەکوژرێت. دایکی، کە تازە زانیویەتی جگەرگۆشەکەی بەوشێوەیە کوژراوە، چۆنییەتی ڕفاندنی کچەکەی بۆ ڕووداو دەگێڕێتەوە.
رەنا، دایکی ماریا لەوەتەی زانیویەتی کچە تەمەن دوو ساڵەکەی بەبەرد کوژراوە، بەبەردەوامی بە مست لەسەر دڵی خۆی دەدات، ئاخ هەڵدەکێشێت و ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات.
سێ ساڵ لەمەوبەر خێزانی ماریا، کۆچبەری هەولێر بوون. لە 31ی مانگی ڕابردوو، ماریا و دایکی لە ماڵەوە بوون، مێردی پوری داوای لە ڕەنا کرد ڕێگەی پێبدات ماریا لەگەڵ خۆیدا بباتە دوکان، ئیدی لەوێوە کارەساتەکە دەستیپێکرد.
رەنا، بەمشێوەیە باسی ئەو ڕۆژە دەکات کە تێیدا زاواکەی هاتووە و کچەکەی بردووە، دەڵێ هات و گوتی کچەکەتم بدەیە دەیبەمە دوکان، منیش گوتم نا نایەت. گوتی من دەیبەم، منیش گوتم قبوڵی ناکەم، چونکە دەبێت منیش لەگەڵیدا بم و لە باوەشی بکەم. گوتی نا، من بە پێ دەیبەم، ئیدی پێڵاوەکانیم لەپێی کرد و، بینیم بردیە ئەو کۆڵانەی دوکانی لێن.
ماریای برد، بەڵام لەبری ئەوەی بیگەڕێنێتەوە ماڵەوە، بەتەنیا گەڕایەوە و هەوڵی دا دەستدرێژی بکاتە سەر ڕەنا.
دایکی ماریا هەروەها دەڵێ کە گەڕایەوە، گوتی 25 هەزار دینارم بۆ بێنە، پارەم پێویستە بۆ کارەبا. پارەکەم پێدا و چوومە چێشتخانە، ئیدی منی گرت و گوتی وەرە. گوتم تۆ چیت دەوێت؟ گوتی وەرە، جلەکانمی دڕاند، قژی گرتم، زیاتر لە 10 جار سەرمی لە دیوار دا، هاتمە چێشتخانەکە تاوەکو چەقۆیەک بهێنم بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆم بکەم، بەڵام نەمتوانی. ئەو پێشتر چەقۆکەی هەڵگرت و هەوڵیدا لێم بدات، بەڵام من نەمهێشت.
رەنا، هاوار دەکات و پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکرێت، پۆلیس دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام هیچ کەسێک زانیاری لەبارەی ماریای تەمەن دوو ساڵان نازانێت.
رۆژی شەممە #02-09-2017# کاتێک خوشکی ڕەنا، کە هاوژینی تۆمەتبارە تەمەن 44 ساڵەکەیە دەچێتە بەندیخانە، تۆمەتبار شوێنی منداڵەکەی بۆ دەدرکێنێت و دەڵێ بەبەرد کوشتوویەتی و، لە نزیک ماڵی خۆی تەرمەکەی حەشارداوە.
سەباح عەبدولعەزیز، باپیری ماریا دەڵێ بە کچەکەمم گوت زانیاری لە هاوژینەکەت وەربگرە، دواتر کاژێر 11:00 بوو، تەلەفۆنم بۆ کرد و پرسیم چ زانیارییەکت دەستکەوتووە و ماریا لە کوێیە؟ پۆلیسیش لەگەڵ من بوون، کچەکەم گوتی لە فڵان شوێنەی داناوە.
سێ ڕۆژ کەسوکار و دایک و باوکی ئەو کچە لەسەر ئاگر بوون، دڵیان دەسووتا تاوەکو شتێک لەبارەی کچەکەیانەوە بزانن، نەیاندەزانی تەنیا 50 مەتر لەنێوان ئەوان و تەرمی کچەکەیاندا هەیە. کە بە بەرد کوژراوە و لەلێواری شەقام شاردراوەتەوە.
تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەڵێ من، بردمە ناو ئەو چاڵە. دووجار لێمدا و گەڕامەوە. دووجار بە بەرد لێمدا.
پۆلیس تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و دانیشی بە کوشتنی ماریادا ناوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئاشکرای نەکردووە بۆچی و بە چ ئامانجێک ماریای دوو ساڵانی بە بەرد کوشتووە. [1]
04-09-2017