بەر لە 71 ساڵ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (31ی ئازاری 1947)، ڕێک دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد، سەرۆککۆمار پێشەوا #قازی محەمەد#، جێگری سەرۆککۆمارو وەزیری بەرگری سەیفی قازی و نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێرا و نوێنەری قازی محەمەد لە تاران سەدری قازی لە سێدارە دران.
ئەو کاتە نزیکەی ساڵێک بوو کۆماری کوردستان دامەزرابوو. کۆمار گەلێک دەستکەوتی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدەستهێنابوو. بە گشتیی ڕێکخستنی بنەماکانی دەوڵەتداریی دەستی پێکردبوو. بەڵام بە داخەوە بە پاڵپشتی کۆلۆنیالیزمی نێودەوڵەتی، ڕژێمی داگیرکەری ئێران دەستی بە هێرش کردو لە ئەنجامدا کۆمار ڕووخا. هەر بەوەش نەوەستان، بەڵکو دامەزرێنەرو سەرۆکی کۆمارو هاوڕێکانیان لە سێدارە دان. بەم چەشنە بەو پیلانە کۆلۆنیالیستیە خەون و هیوای ئازادی و ڕزگاری گەلی کوردیان لەو قۆناغەدا شکست پێهێنا. لەو ڕۆژەوە تا ئێستاش داگیرکاریی ڕژێمە لەدوای یەکەکانی ئێران، بە هەموو شێوازەکانی زەبروزەنگەوە لەو بەشەی کوردستاندا بەردەوامە.
لەو دەمەدا و لە هەل و مەرجی سەختی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی، بڕیاردان و جاڕدانی دەولەتی سەربەخۆ بە ناوی کۆماری کوردستانەوە، بڕیارێکی بوێرانەو چاونەترسانە بوو. ئەو هەوڵ و گیانفیداییەی پێشەنگانی کۆمار بۆ ئێمەو مێژوو بوون بە نمونەیەکی باڵا. پێشەوا قازییش وەک سیمبۆڵێکی ئازادی لە دڵی لاپەڕەکانی مێژووی ئێمەدا تۆمار کرا.
ئەمڕۆش گەنجان و ژنانی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتی مەلاکانی ئێراندا، بە خۆرێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازیی، خەباتێکی داستانئاسا بەڕێوە ئەبەن. سەرەڕای ئەوەش کە دەسەڵاتدارانی ئێران سیاسەتی داپڵۆسین و گرتن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان بەرامبەر خەڵکی کوردستان پەیڕەو ئەکەن. لێ گەلی کوردستان خۆیان بە خاوەنی دۆزی قازی محەمەد و هاوڕێکانی ئەزانن و درێژە بە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان ئەدەن.
ئێمە لە #کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان# لە یادی 71 سالەی گیانفیدایی پێشەوا قازی محەمەد و سەیفی قازی و سەدر قازیدا، هەموو گیانبەختکردوانی کوردستان بە ڕێز و شکۆوە بە بیردێنینەوەو، لە یادی ئەواندا سەری ڕێز دائەنەوێنین. هەمانکات ڕژێمی داگیرکەری ئێران و هەموو داگیرکەرانی کوردستان بە توندی شەرمەزار ئەکەین.
کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک.ن.ک
#31-03-2018# برۆکسل