مامانەکە پارچە پەڕۆیەکی خستبووە نێو دەمی کچەکە بۆ ئەوەی دەنگی دەرنەچێ، لە حەوشەی ماڵی مامانەکەش پیاوێک کە لە پەنجاکانی تەمەنیدا بوو، دەهات و دەچوو، هەر کەسێک بینیبای گومانی دەکرد ئەوە باوکی کچەکە بێ، بەڵام مامانەکە گوتی: ئەو دێوە ناشیرینە دەستدرێژی کردووەتە سەر ئەم کچە و دووگیانی کردووە. منداڵە کوڕەکەی نێو سکی جوان، تەمەنی پێنج مانگ بوو.
جوان قوتابی پۆلی دەی ئامادەیی بوو، خەونی بەوەوە دەبینی بچێتە زانکۆ و ببێ بە پارێزەر، بەڵام ڕووداوێکی هاتوچۆ خەونەکەی لە گۆڕ نا، لە ڕووداوەکەدا باوکی جوان کەوتە سەر کورسیی کەمئەندامی و دایکیشی بینایی لەدەست دا، بۆیە جوان ناچار بوو واز لە خوێندنەکەی بهێنێ و خزمەتی دایک و باوکی بکات.
باوکی جوان کە تەمەنی 43 ساڵە، پێش ئەوەی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ببێ، هەموو بەیانییەک عەرەبانەکەی پڕ لە سەوزە و میوە دەکرد و بە کۆڵانەکاندا دەیگێڕا، بەمەش بژێوی خێزانەکەی پەیدا دەکرد. جوان دەڵێت باوکم ڕۆژانە 10 - 15 هەزار دیناری دەستدەکەوت، ژیانێکی سادەی بێ کێشەمان پێ بەڕێ دەکرد.
دوای ئەوەی باوک و دایکی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە کەمئەندام دەبن، ئیدی جوان ناچار دەبێ خێزانەکەیان بژیێنێ، بۆیە لە کارگەیەکی دروستکردنی نانی تیری دەست دەکات بە کار. جوان دەڵێت ڕۆژانە بەبێ وەستان چوار سەعات نانمان دەکرد، مانگانە بە 300 هەزار دینار، کرێی هاتوچۆش لەسەر خۆم بوو، ڕازی بووم چونکە کەس نەبوو هاوکاریمان بکات.
جوان تەنیا دوو مانگ لە کارگەکە کاری کرد، خاوەنی کارگەکە بە بیانووی ئەوەی بۆنی دەرمانی لێهاتووە، دەریکردووە، دواتر زۆر بەدوای کاردا دەگەڕێ کاری دەستناکەوێ.
(ع.م)، تەمەن 45 ساڵ، کە سەوزەفرۆشە، هاوڕێی باوکی جوانە. ڕۆژێک بە کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستییەوە سەردانی ماڵی باوکی جوان دەکات. جوان دەڵێت: یەکەمجار بوو لە ژیانمدا هاوڕێیەکی باوکم بێت بۆ ماڵمان، بەڵام ئەم پیاوە زۆر بەڕێز دیار بوو. پێش ئەوەی بڕوات 90 هەزار دیناری دامێ و گوتی بۆخۆتان خەرجی بکەن، منیش وەرمنەگرت، بەڵام دایکم دەنگی هەڵبڕی و دوعای خێری بۆ کرد، تێگەیشتم کە دەڵێت وەریگرە. هەفتانە دەهات سەوزە و میوەی بۆ دەهێناین.
جوان، متمانەی تەواوی بە هاوڕێکەی باوکی پەیدا کردبوو، هەر بە مامە بانگی دەکرد، بەڵام چوونە دەرەوەیەک لەگەڵ ئەو پیاوە هەموو شتێکی گۆڕی. جوان دەڵێت: مانگی دووی ئەمساڵ پیاوەکە پێیگوتم وەرە دەتبەم بۆ ماڵی خۆمان لەوێ لەگەڵ خێزانم بڕۆن بۆ بازاڕ کەلوپەل بۆ باوک و دایکت بکڕە، منیش بەشەرمێکەوە داواکەم قبوڵ کرد و لەگەڵی ڕۆیشتم. نەمزانی بۆ کوێم دەبات، لە دەرەوەی شاری #هەولێر# لە باخێک دایبەزاندم و پێیگوتم لێرە دەژین، کاتێک چووینە ژوورەوە دەرگای کلیل دا و پێیگوتم من عاشقی تۆ بووم.
جوان زۆر دەپاڕێتەوە، بەڵام سوودی نابێ، وەک ئەوەی کەوتبێتە نێو دەمی ئەژدیهایەک و ڕزگاری نەبێ، لەوێ هەڕەشەی لێدەکات یان دەبێ سێکسی لەگەڵ بکات، یان 90 هەزار دینارەکەی بداتەوە. ئیدی جوان تەسلیم دەبێ. دواتر ئەمە دەبێتە پیشەی بەردەوامی جوان و لە بەرامبەر چەند هەزار دینارێک لەگەڵ ئەو پیاوە سێکس دەکات.
جوان لەو پیاوە دووگیان دەبێ، بەرەبەرە سکی بەرز دەبێتەوە، لە ترسی ئاشکرابوونیان لەگەڵ (ع) بڕیار دەدەن لەلای مامانێک سکەکە لەبار ببەن، بەڵام 10 ڕۆژ دوای لەباربردنی منداڵەکە، جوان بەردەوام دەبورێتەوە و تووشی خوێنبەربوون دەبێت، بۆیە بە ناچار پەیوەندی بە خوشکە گەورەکەیەوە دەکات و تەواوی چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، خوشکەکەشی بەسەرهاتەکە بۆ براکەی دەگێڕێتەوە. براکەشی داوا لە (ع) دەکات بۆ ئەوەی ئابڕووی خۆی و خوشکەکەی نەچێت، بەبێ دەنگی جوان مارە بکات. ئێستا جوان بووەتە هاوژینی هاوڕێکەی باوکی، بەڵام دیار نییە ئەو هاوسەرگیرییە تا کوێ دەڕوات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 36 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی تۆمار کراون، کە 16 حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە.[1]
#31-07-2018#