سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران ئاشکرایدەکات، لە ماوەی 11 مانگدا زیاتر لە 73 هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆچیان کردوە.
ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە مانگی 8ی ساڵی 2017 تاوەکو مانگی 6ی 2018، زیاتر لە 73 هەزار و 609 کەس هەرێمی کوردستانیان بەره و دەرەوە جێهێشتووە.
روونیشیکردەوە، لە مانگی 8 بۆ 12ی ساڵی 2017، بەهۆی ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم و 16ی تشرینی یەکەم و هاتنی سوپای عێراق بۆ پارێزگای #کەرکووک# و ناوچە جێناکۆکەکان کۆچی هاووڵاتیان 49 هەزار و 979 هاووڵاتی بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی 2018، 23 هەزار و 710 کەس بەرەو وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا بەڕێگەی قاچاغ و یاسایی کۆچیان کردووە.
ئاشکراشیکرد، لە کەمپەکانی وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە 10 هەزار عێراقی هەیە، لەگەڵ بوونی ژمارەیەک زیندانی لە زیندانییەکانی تورکیا کە ڕێژەکەیان بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردادێت.
باسی لەوەشکرد، کۆی گشتی ئەو پەنابەرانەی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە، 278 کەس بوون کە 145 کەسیان تەرمیان دیاربووە و تەرمەکانیان گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، 133 کەسیشیان چارەنووسیان نادیارە.
وتیشی لەماوەی ساڵی 2014 تاوەکو 2018، نزیکەی 550 هەزار کەسی خەڵکی هەرێم بەشێوەی ڕەسمی داوای مافی پەنابەرێتیان پێشکەشی وڵاتانی ئەوروپا کردوە.[1]
#31-07-2018#