ئامادەکردنی: #نەژاد عەزیز سورمێ#
چاپی یەکەم 2020
هەر لە سەروبەندی بڵاوکردنەوەی (کوردستان) (کە تا ئێستا وای لەسەر ڕێککەوتووین) یەکەمین ڕۆژنامەیە لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا لە دەرەوەی نیشتیمان تا دەگاتە ئەمڕۆ، ئەوەی بە بزاڤی ڕۆژنامەنووسییەوە ناسراوە بە پلەی یەکەم لە سەر دەستی سیاسیەکان، یا ئەو ڕۆشنبیرانەی زیاتر کاری سیاسیان کردووە دامەزراوە و بەڕێوەچووە، ئەگەرچی دوای ڕاپەڕین - 1991 - کە پاشان دێینە سەری ئەو بزاڤە ڕەهەند و مەودایەکی دیکەی وەرگرت، لێ ئەمە ئەوە ناگەیێنێ ڕۆژنامەنووسیی پاش ڕاپەڕینیش، سەبارەت بە هۆگەلێکەوە لە هەژموونی ئەو دوو توێژەی ئاماژەمان پێدا بە دوور بوو بێت.
سیما و ئادگاری ڕۆژنامەگەریی کوردی پێش ڕاپەڕین چونکە لەسەرێکەوە لەلایەن سیاسییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەندێ هەوڵ بە ئاراستەی فەرهەنگییەوە هەبوو، بەڵام تا مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ئاداری (1970)یش بەو ڕەنگە نەبوو شیاوی ئەوە بێ لە قاوخی بزاڤێکی ڕۆژنامەگەریدا خۆی بنوێنێ(1).
دوای ئاداری (1970)یش، ئەوەی لە مەیدانی ئەوسای ئەو کرانەوەیە و تا ڕادەیەک ئازادییەکی بام ڕێژەیش بوو بێ کە چوار ساڵی خایاند (1970 - 1974) بێجگە لە ڕۆژنامەی (التآخی) کە وەک زمانحاڵی شۆڕشی کوردستان، باوەکو حزبێکی دیاریکراویش (پارتی دیموکراتی کوردستان) بڵاوی دەکردەوە، دەرکەوتبوو، ئەویش بە زمانی عەرەبی، کە لە دوایدا (برایی) وەکو گۆڤارێکی مانگانە کە پاشان بوو بە (برایەتی) و هەر بە مانگانە و ئینجا (برایەتی) وەکو ڕۆژنامەیەکی هەفتانە (حەفتانامە)، ئەمانەش هەموویان بە هەر ناوێک بووبن وەکو پاشکۆی (التآخی) عەرەبی بوون و بایەخێکی لەو ڕەنگەیان پێ نەدەدرا وەک ئەوەی بە (التآخی) عەرەبی دەدرا(2).
لە پاڵ دەرچوونی (برایەتی)یش کە تا ماوەیەکی زۆر بە هەفتانە مایەوە، حکوومەتی عیراق لە ڕێگای وەزارەتی ڕاگەیاندن، یان وەزارەتی ڕۆشنبیری، ڕۆژنامەی (هاوکاری) حەفتانە و گۆڤاری (بەیان)ی مانگانەی بڵاودەکردەوە، هەردوو بڵاوکراوەیش باوەکو بەرپرسەکانیان لە سەرەتادا عەرەب بووبن، بەڵام بە هۆی چەندان لاوی خوێن گەرم و ڕۆشنبیری ئەوسا کە هەندێکیان لە پاڵەوەیش لە (برایەتی) حەفتانەشدا کاریان دەکرد وایان کردبوو، بە نموونە (هاوکاری) ببێ بە سەکۆیەکی دیار لە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی، ئێستاشی لەگەڵدا بێ پێم وا نییە (هاوکاری)ی ئەو چوار ساڵە لەم ڕووەوە بەهەند نەگیرێ، دیارە گۆڤاری (بەیان)یش بە هەمان شێوە کە ئەو دەمە ڕەوانشاد شاعیری بە توانا جەلالی میرزا کەریم کاری تێدا دەکرد، ئەگەرچی سەرنووسەرەکەی عەرەب بوو(3).
من لێرەدا لەچوارچێوەی ئەوەدا نیم بیبلۆگرافیای ئەوان ڕۆژان بنووسمەوە، بەقەد ئەوەی سەرکردایەتی کورد بە کەمتەرخەم دەبینم کە جێی داخە تا بەر لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بە چەند مانگێک تەواو لە (1/1/1974) کە دەکاتە لە دایکبوونی یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردی و دەرچوونی ژمارەی (سفر)ی (برایەتی) ڕۆژانە، بیریان لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بە کوردی نەکردەوە(4).
تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی ئاداریش ئەو خەڵکەی لە پاڵ حکوومەتی عیراق بوون و لە شۆڕشی کوردستان (ئەیلوول) دابڕابوون ئەوانیش ئەم پرسەیان (پرسی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بەکوردی)یان لەلادا جێی بایەخ نەبووە.
ڕاستی ئەمە بە ئیستیلاحی ئێستا مژارێکی سەیرە، تۆ وەرە سیاسەتوان و ڕۆشنبیری کورد، بە چاوی خۆت لە سەرێکەوە، ئەو هەموو قوربانی و چیانشینی و برسیەتی و کڵۆڵیە ببینی لە پێناوی کورد و کوردستان کەچی زمانەکەی خۆتت ئەوەندە لەلادا بێ بایەخ بێ، کە بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە بەهێزەکانی بوون و ناسنامە و گەشەسەندنی پەرەدانە بە خوێندن و بە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی و میدیا بەگشتی، ئەگەر باسی پێگەیاندنی لاوان و بڵاوکردنەوەی بیری نوێ و چەسپاندنی ئینتیما و خۆشەویستی خاک و نیشتیمانیش نەکەین (دەبڵێ وانییە....)(5).
کەواتە لە هەموو ئەو ماوەیەدا، بە تایبەتیش بۆ ئەوسا کە لە ڕادیۆی کوردی بەغدا (من باسی باشوور دەکەم) دەنا لە کرماشان و تاران و ئێریڤان و حەیفا و قاهیرە وشوێنی دیکەش ڕادیۆ بەکوردی هەبووە و پاشان چەند کاتێک لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی کەرکووک زیاتر نەبوو کە دیارە ئەویش سەر بەدەوڵەت بوون، ئەگەرچی جاروبار هەندێ بەرنامەی تایبەت بە ئەدەبیات و فەرهەنگی کوردیشی تێدا بڵاوکرابێتەوە.
ئا لێرەدا دەرچوونی (برایەتی) ڕۆژانە لە (1/1/1974) کە هەر مانگێکی خایاند (تەنیا (27) ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە و بە بڕیارێکی فەرمی دەوڵەتی عیڕاق ڕاگیرا، ئەمەش بەڵگەی سەلماندنی ئەو ڕاستییانەیە لە پێشدا باسمان کردن.. ئەوە بوو پاشان زۆری نەبرد شەڕ دەستی پێکردەوە)، درەنگ بوو، زۆریش درەنگ بوو.
ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ (ناڵێم ئاقڵیان پێ نەشکاوە) دەنا بۆچی ئاقڵیان بەوە شکا (التآخی)عەرەبی بە جۆرێک پەرە پێ بدەن، کە بە ڕاستی بوو بوو بە سەکۆییەکی ئەوەی پێی دەڵێن (دیموکراتی) بۆ هەموو ئازادیخوازانی نەک هەر تەواوی عیراق بەڵکو دەرەوەی عیراقیش.
نەخێر من وەختی خۆیشی لەکۆڕێکدا کە یەکێتی نووسەرانی کورد لە شەقڵاوە (1991) گوتم، لای سیاسییەکانی ئێمە زمانی عەرەبی بزانی و ئەگەر شڕە ئینگلیزیەکیشی لە پاڵ بێ، گرینگ نییە کوردی بزانی(6)!!
ئەو کەمتەرخەمی و بەهەند نەگرتنەیش (کە بەداخەوە ئێستاش لە شێوە و قاڵبی دیکەدا درێژەی هەیە) بە تایبەتی دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو سیاسیانەی لە پشکی کورد کاربەدەست و بەرپرس بوون لە بەغدا. ئەمە مێژووە و دەبێ بنووسرێ.
وەکو ئاماژەشم پێ دا، ئەوانەی شۆڕشی کوردستانیان بە کۆنەپەرست و پیاوی ئیمپریالیزم و جوولەکە وەسف دەکرد و خۆیان بە پێشکەوتنخواز ناساندبوو، لە کاتێکدا لە پاڵ حکوومەت بوون کە بە هەموو توانای زەمینی و ئاسمانی کەوتبووە ویزەی گیانی کورد، ئەوانیش ڕۆژنامەی (النور)یان بە عارەبی دەرکرد و گۆڤارێکی مانگانە، کە ئەویش بە داخێکی زۆرەوە لە پاشان بوو بە یەکەمین بڵاوکراوەی کوردی کە بەشی زۆری زیاتر لە (جنێونامە) بچێ تا گۆڤار، کە ئەمەش دەڵێم تەنیا وەکو سەرەقەڵەمێک دەیڵێم لە گێڕانەوەی هەندێ وێستگەی پەیوەندی بەنووسینەکەمانەوە هەیە، مێژوویش نە بە من نە بە کەسی دی تا هەتایێ ناشێوێنرێ. [1]