ئامادەبووانی بەڕێز , ماتەمگێڕان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان , خانەوادەو بنەماڵەی سەربەرزو تێکۆشەری هەڤاڵی کۆچکردوو (فەریق #کەمال موفتی#).
هاوڕێ وهاوسەنگەرانی کۆچکردوو..
بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەین بۆ مەڕاسیمی پڕشکۆی چلەی ماتەمینی تێکۆشەرو فەرماندەیەکی تری گەلەکەمان بەگشتی ویەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەتی.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ هەموو پێکەوە لێرە لەحزوری ماتەمینی کەسایەتییەکی ناوازەداین کەبەشێکی زۆرلەتەمەنی بۆخزمەتی خەڵکی کوردستان وشۆڕش وکوردایەتی تەرخانکرد بوو.
هەڤاڵی کۆچکردوو(کەمال موفتی)لەبنەماڵەیەکی دیاری شاری زیندوی #سلێمانی# ولەخانەوادەیەکی نیشتمان پەروەرودڵسۆز لەدایک بووە , هەر لەهەڕەتی لاوێتی یەوە پاش هەستکردن بەچەوساندنەوەو ژێردەستەیی نەتەوەکەمان , بیری کوردایەتی وشۆڕشگێڕی لای چەکەرە دەکات وبەهەستێکی پڕلەجۆش وخرۆشی بەڕەنگارییەوە , بەهەستکردنی ئەرکی نیشتمان پارێزی ڕێگوزەری خەبات دەدۆزێتەوەو شۆڕشی ئەیلوول دەکاتە یەکەم ویستگەی قۆناغی خاک پارێزی دژ بەزوڵم وزۆرداری داگیرکەرانی نیشتمان وڕژێمی دیکتاتۆری ئەوسای عێراق و , چەکی جوامێری دەکاتە شانی ودەبێتە پێشمەرگە.
لەو قۆناغەگرنگ وشکۆمەندییەی ژیانیدا زۆر بەزوویی وەک پێشمەرگەیەکی ئازاو فەرماندەیەکی بەتوانا لەڕووی دسپلینی سەربازییەوە دەردەکەوێت وئەرکی سەرپەرشتی هێزێکی گەورە لەئەستۆ دەگرێت , هەڤاڵی کۆچکردوو کەسێکی دڵسۆزو دەستپاک وجوامێرودیاری نێو هاوڕێ وهاوسەنگەران وسەرکردایەتی ئەو سەردەمەی شۆڕش بووە.
لەقۆناغی پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی(1991)ەوە , بەسەرپەرشتی , ڕابەری کۆچکردوو(#مام جەلال#) پێکەوە لەگەڵ فەرماندەو تێکۆشەرەکانی یەکێتی وشۆڕشی نوێی گەلەکەمانجێدەستی لە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو پێکهێنانی فەرماندەییەکی بەتوانای دامەزراو لەسەربنەمای زانستی سەربازی بەسودوەرگرتن لەئەزموونەکانی خەباتی پێشمەرگایەتی ئاوێتەکردنی بەشێوازی نوێی سەردەمییانەدیارو بەرچاو بووە.
ماتەمگێڕان.. ئامادەبووانی بەڕێز...
لەم ساتە وەختە پڕخەمناکەدا ولەبەڕێوەچوونی چلەی ئەم فەرماندەو سەرکردە دێرین وتێکۆشەرەدا , هەرێمی کوردستان وناوچەکەو عێراق لەبەردەم گۆڕانکاریی وپێشهاتی نوێدایە , بەتایبەت لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی(12/5) ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و(30/9) ی پەرلەمانی کوردستان و دواتر پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق , لەناوخۆشداکەخەریکە هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەرەو قۆناغێکی نوێ بەمەبەستی فەراهەمکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی وحوکمڕانی یەکی دروست وڕەواوخێرادەبێت , بۆ سەرخستنی ئەو پرسەو زاڵبوون بەسەر کۆسپەکانی ڕێگر لەبەردەم خاوبوونەوەی هەنگاوەخێراکان , پێویستە هەلومەرجێکی سیاسی گونجاوی وا بێتە ئاراوە کە زۆرترین هەل لەبەردەم ڕێکەوتنەکان وپێکهاتندا سازو لەبار بکات.
ئامادەبووانی بەڕێز..
لای ئێمە بەرپرسیارێتی مێژوویی واتای قووڵی هەیە , نە لەژێرباری دەردەچین نە بۆ باج و مەترسییەکانیشی دوورە پەرێز دەوەستین , بەڵام قۆناغەکە لەناوهەرێم ولەعیراق لە لوتکەدایە کە پێویستە بەبیرێکی کراوەتر بەرەو سەرکەوتن لەپێناو بەرژەوەندی گەلدا لێی بڕوانین.
لەناوخۆدا ئێمە پابەندی حکومەتێکی خزمەتگوزارو دیموکراتین کەتیایدا ڕەنگی گەلێک ڕەنگبداتەوە , ئیتر حوکمڕانێتی پێویستە زیاتربۆ خەڵک وداهاتووی ئەم گەلە بێت , مانای بەشداری باشترین و هەڵبژاردنی شیاوترین بێت بۆ میلەتێک کەنەهامەتی وچەرمەسەری زۆری دیبێ.
ئەم حکومڕانێتی یە دەبێ لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینەو بەشداری کاریگەربێت تا بەهەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا ڕۆبچێت وببێتە تەوەری بوژاندنەوەی هەمەلایەنی کوردستان.
بەڕێزان..
لەچەند ساڵی ڕابردودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهەستکردن بەلێپرسراوێتی مێژوویی وەک حزبێکی سیاسی نیشتمانی ونەتەوەیی , بێوچان لەهەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ بەرگریکردن لەدەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و , هەردەم پایەیەکی بەهێز بووە لەبەرامبەرهەر ڕووداوێکی نەخوازراو ودوژمنکارییانە و هەموو ئەو زەرەرو زیانانەی کەدەبنە ڕێگر لەبەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان وتێکدانی باری ئاساییژیان و تێکدانی گوزەرانیمیلەتەکەمان , لەوپێناوەشدا ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە تائەو ئاستەی مەدالیای نازناوی حیزبی شەهیدانی کرا بەبەرۆکدا.
بۆیە پێویستە لەپێناو ڕەخساندنی تەبایی ویەکڕیزی گەلەکەماندا , تاسازان جێی ناکۆکی و ناتەبایی بگرێتەوە , هەنگاوەکان زێدەتر بۆ سەرخستنی ئەوپرسە بەدانیشتن وگفتوگۆ خێراترکرێ , نەک بەکارو کاردانەوەی نادروست ونایاسایی کەدواجار گەلەکەمان ودۆزە سیاسی یەکەی لێی زەرەرمەند بێت.
لێرەوە جارێکی تر ڕایدەگەێنین پێویستە هەرچی زووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی ناوماڵە گەورەکەی کوردستان , هاوهەڵوێستانە یەکدەنگ وبەیەکگوتاری لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان , هەوڵەکانمان یەکخەین و مێزی گفتوگۆ بکەینە سەنگی مەحەک ویەک دەست سەرجەم گرفتەکان لەبنەڕەتەوە بەدۆسیەی #کەرکووک# یشەوە وەک شارێکی کوردستانی چارەسەربکەین , بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تەندروست وڕەوا , حکومەتێک کەحکومەتی خەڵکی کوردستانبێت بێ جیاوازی , خەڵک لەسایەیدا ئاسودە وبەختەوەربێت و شەرەف وکەرامەتی خەڵک تیایا پارێزراوبێت , لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە بەبەشداری سەرجەم لایەنە سیاسی یە براوەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ ڤیتۆ لەسەر هیچ لایەنێک کەبخوازێت بەشداربێت لە بەرەو پێشبردنی حوکمڕانی هەرێمەکەماندا , دورلە قۆرخکاری تەواوی سەروەت وسامانی ئەم هەرێمە بەمەبەستی باشترکردنی ژیان وگوزەرانی هاووڵاتیان ودەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی وکاراکردنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان وئاوەدانکردنەوەی نیشتمانەکەمانشەفافانە بخرێنە گەڕ.
لەسەر ئاستی عێراقیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای سیاسی لەبەغدا بەپێویستی دەزانێت لایەنەکوردییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەیاسای ودەستورییەکانی گەلەکەمان بەیەکڕیزی ویەک هەڵوێستی وپێکەوەچوون وبەیەکگرتوویی بەوەلانانی کێشە لاوەکییەکان پێگەی سیاسی پتەو بکەن وبەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەبەرچاوبگرن.
دەسا بۆ ئەوەی ڕۆحی بەرزە فڕی هەڤاڵی کۆچکردوو (کەمال موفتی)وسەرجەم شەهیدانی ڕێی ئازادی وسەرفرازی وپارێزەرانی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان وسەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگە وتێکۆشەرە دێرینەکان شادو ئاسودەبن , بۆئەوەی پاداشتی وەفاو ئەمەکداری خەڵک بەگشتی وجەماوەری دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەتی بدەینەوە , زۆر پێویستە هەموو پێکەوە بۆ نوێبوونەوە و گەشەپێدان , ڕووەو لوتکەی هەڵکشانی یەکێتییەکەمان تێبکۆشین , بۆیەکڕیزی گەلی کوردستان , یەکڕیزی لایەنە سیاسی یەکان , کەتاکە فاکتەری سەرکەوتنمانە هەنگاوبنێین , بۆ ڕووبەڕِوو بونەوەی گۆڕانکارییەکان بەیەکگرتوویی خۆمان بۆ تەواوی ئەگەرەکانی ناوچەکە سازو ئامادەبکەین.
دووبارە بەخێربێن بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی و وەفاداری بۆ خەباتی نیوسەدەی خەبات وتێکۆشانی هەڤاڵی کۆچکردوو(فەریق کەمال موفتی).
شادو سەربەرزو سەرکەوتوبن
#07-01-2019#