خوێندنی کوردیی لە شاری #کەرکووک#، بە دەست چەندین کیشەوەر دەناڵێنێت و مامۆستایان دەڵێنلەقەیراندایە، بەپێویستیشی دەزانن، حکومەتی هەرێم دۆخی خوێندنی کوردیی لەو شارە یەکلای بکاتەوە.
کێشەکانی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک نوێ نین و دەیان ساڵە بەچارەسەرنەکراویی ماونەتەوە، لەدوای ڕووداوەکانی 16ی تشرینی یەکەمی 2017-ش کێشەکان زیاتر بوون.
لە کەرکووک 500 خوێندنگا و باخچەی ساوایانی سەر بە بەرێوبەرایەتیی خوێندنی کوردیی هەیە، بەڵام زۆرینەیان کۆنبوون و لە ساڵانی 1970-1980 دروستکراون، هەروەها ژمارەی بیناکان کەمن و سێ دەوامیان تێدا دەکرێت، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت، پێدەچێت لە ساڵی ئایندەدا و لە هەندێک خوێندنگادا خوێندن دەکرێت بە سێ دەوام، ئەمە جگەلەوەی کەلوپەلەکانی ناویشیان بە هەمان شێوە کۆنە و هەندێک بەکەڵکی بەکارهێنان نەماون.
زیاتر لە 105 هەزار خوێندکار لە بەشی کوردیی پارێزگای کەرکووک دەخوێنن و حەوت هەزار مامۆستا و فەرمانبەر-یش لەسەر هەمان بەش دامەزراون و دەوام دەکەن، مامۆستایان و خوێندکاران ڕەخنەی ئەوە دەکەن، کە هاوشێوەی خوێندنی سەر بە #وەزارەتی پەروەردە#ی عێراق گرنگییان پێنەدراوە.
لەدوای ڕوداوەکانی 16ی تشرینی دووەمی 2017 بەهۆی ئاوارەبوونەوە، ژمارەیەکی زۆر مامۆستا و خوێندکار لە خوێندن دابڕان، ماوەی ساڵێک خوێندنی کوردیی بێ بەڕێوبەر و سەرپەرشتیار بوو، ئەمەش مەترسییەکی زۆری لای دڵسۆزانی خوێندنی کوردیی دروستکرد، بەڵام دواتر گەڕانەوە بۆ شارەکە و دەستیان بە خوێندنی ئاسایی کردەوە، بە وتەی سەرپەرشتیارانی پەروەردە، ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی هەتا ئێستا نەگەڕاونەتەوە ژمارەیان زۆر کەمە.
پەروین فاتح، مامۆستایەکی بەشی خوێندنی کوردییە و لەبارەی کێشەکانی خویندنی کوردییەوە ڕەخنەی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و بە ڕۆژنیوزی وت:حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست هاوکارمان نیە، سەرەڕای ئەوەش حکومەتی عێراق دژایەتیەکی زۆری خوێندنی کوردیی دەکات لە شارەکە.
سیستمی خوێندی کوردیی کەرکووک هەمان ئەو سیستمەیە، کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم دەستنیشانی کردووە، بەڵام تاقیکردنەوەکانیان سەر بە عێراقە، لەو بارەیەوە پەروین فاتح، وتی:لەنێوان دوو حکومەتدا گیرمان خواردووە، پێویستە حکومەتی هەرێم دۆخی خوێندنی کوردیی لەم شارە یەکلای بکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی تەواوی لە خوێندنی کوردیی کردووە، ئێمە تا ئێستا بەشدار نەبووین لە هیچ کۆڕ و سیمینارێک یاخود کۆنفڕانسێک کە حکومەت بۆ پێشخستنی پەروەردە ئەنجامی دابێت.
جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان، دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کەروکوک نیگەرانیی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە دەرچوانی سەر بە خوێندنی عێراق کە لەهەمان شارن دادەمەزرێن، ئەمەش تا ڕادەیەک خوێندکارانی بەشی کوردیی نائومێد کردووە.
کارزان محەمەد، ئەندامی دەستەی داکۆکیکار لە مافی مامۆستایان، پێیوایە، کە خوێندی کوردیی لە قەیرانێکی زۆر گەورەدایە، چونکە وەک ئەو باسی دەکات، تۆمارکردنی خوێندکاری نوێ لەو بەشە 50٪ کەمیکردووە.
کارزان، پێیوایە، کە بەرپرسانی پەروەدە دان بە ڕاستیەکاندا نانێن و وتی:بەگشتی دەتوانین بڵین خوێندنی کوردی لە شارەکە بەرەوە نەمان دەچێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی لە خوێندنی کردووە.
بە وتەی ئەو مامۆستایە، مامۆستایان بە پێی پێویست ناتوانن ئەرەکەکانیانی خۆیان جێبەجێ بکەن، چونکە لە نێوان هەرێم و بەغدادا گیریان خواردووە، لە ئیمتیازیاتی هەرێم و بەغداش بێ بەشن، بۆیە مامۆستایانیش ساردبوونەتەوە لە ئەرکەکانیان.
گرفتێکی دیکە، کە ئەمساڵ بۆ خوێندنی کوردیی دروست بوو، کەمی کتێب بوو، چوکە بەهۆی ئەو خاڵە گومرگییانەی لەنێوان کەرکووک و #هەولێر# و #سلێمانی#-دا دانرابوون و وەرگرتنی باجی زۆر، بەشی زۆری کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم نەگەشتە کەرکووک و گەڕێندرانەوە بۆ وەزارەت، بۆیە ئەمساڵ خوێنداکارن کتێبە کۆنەکان بەکاردەهێن.
لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەشدا، بەڕێوبەرایەتی خوێندنیی کوردیی تاکە بەڕێوبەرایەتیی کوردییە، کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ی تشرینی دووەم لە شارەکە کارەکانی بەردەوامە.
#21-02-2019#[1]