جەماوەری خۆڕاگرو تێکۆشەری #هەولێر#
قارەمانانی شارو شارۆچکەکانی هەولێرو دەوروبەری
لە ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی هەولێرو ڕاماڵینی بەعس لەشارە خۆڕاگرەکەمان، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە مەڵبەندی 3ی ڕێکخستنی هەولێر گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم، هیوادارم ئەم ڕۆژە پیرۆز و پڕ ش#کۆیە# ببێتە هەوێنی سەرکەوتنی زیاترو بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی ڕاپەڕین.
هەولێرییە سەربەرزەکان...
28 ساڵ لەمەوبەر، جەماوەری دڵ پڕ لەقین بەرامبەر بەعس، ڕێکخستنە نهێنییەکان و شانە چەکدارەکانی بروسک، بە پاڵپشتی و پشتیوانی و بەشداری ڕاستەوخۆی پێشمەرگە پارتیزانەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەبەیانی 11ی 3 و لەدوای گەیشتنی پەیامی لەباوکی ڕێناسەوە بۆ شانە چەکدارەکانی بروسک، لێتانەوە نزیکین، دەستبەکاربن هەموومان تێکڕا بەبێ جیاوازی دژی دڕندەترین و فاشیستترین ڕژێمی ناوچەکە ڕاپەڕین و لە هەولێری سەرکەشی قەڵاو منارە وەدەرمان نان.
بەڵێ، ئەوێ ڕۆژێ کچان و کوڕانی هەولێر، قارەمانان و تێکۆشەرانی هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، لە چەند سەعاتێکدا توانیان گەورەترین مۆڵگەکانی بەعس لەمشارە ڕابماڵن و پێیان بڵێن هەولێری پایتەخت وەک هەمیشە دژی زوڵم و ستەم وەستاوەو دەوەستێ، ناهەقی قبوڵ نەکردووەو نایکا، ئەمە کلتووری هەولێرە.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان...
پێشمەرگە قارەمانەکان...
کەمئەندامانی سەنگەر...
رێکخستنە دێرینەکان...
جەماوەری خۆڕاگری هەولێر...
بەرهەمی ڕاپەڕین و ئازادکردنی هەولێرو شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان، حوکمڕانی کوردی و دام و دەزگا شەرعیەکانی کوردستانی لێ بەرهەم هات، باش دەزانین بەشێکی زۆر لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون، ئەرکی لەپێشینەی هەموومانە، وەفادار بین بەرامبەر خەبات و قوربانیدانی هەڤاڵانمان و خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمان و دەست لەناو دەست خەبات بکەین بۆ حوکمڕانییەکی تەندروست و هاوسەنگ لە کوردستان، مافی هاووڵاتیبوون بەبێ جیاوازی بە هەمووان بدرێ و یەکسانی و دادپەروەری بنەمای حوکمڕانیمان بێ.
نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ، ئەوە هەولێرییە ڕەسەنەکان بوون ئەوێ ڕۆژێ بوونە قەڵغانی بەرەنگاری بەعس و شارەکەیان لێ پاککردنەوە، بۆ ئەمڕۆش دەبێ هەولێر هەولێری هەموو هەولێریان بێ و پایتەختی هەموو کوردستانیان بێ.
جارێکی تر، لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و گەنجان و لاوانی هەولێر و تەواوی هەولێریان دەکەم، ئومێد دەکەم ئەم یادە پیرۆزە بکەینە هەوێنی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیانمان و بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانیەکی تەندروست لە کوردستان.
شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ
لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی ڕێکخستنی هەولێری
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
#10-03-2019#